Ads (728x90)

زانیاری لەسەر تازەترین دیزاینی فەیسبووك "نیوز فید"
بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك سەرنجیان داوە لە چەندین گۆڕانکاری لە کاتێك بۆ کاتێکی دیکە، بەمدواییانەش چەندین شێوە و نموونەمان بینی لە ڕووکاری بەکارهێنەردا، چونکە فەیسبووك هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی چەندین تاقیکردنەوە لەسەر پەیجی چەند توێژێکی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە باشترین شێوەی ڕووکار.

لە ساڵی ڕابردوودا فەیسبووك شێوەیەکی نوێی بۆ پێگەکەی ڕاگەیاند لە ژێر ناوی نیوز فید "NEWS FEED"، بەڵام ئەو شێوە تازە تەنها چەند توێژێکی لە بەکارهێنەران گرتەوە، هەندێکیشیان تەنها چەند بەشێکی دیزاینەکەیان لە پەیجەکانیان بەدیکرد، بەڵام ئێستا دیزاینەکەیان لەسەر پەیجی زۆرترین بەکارهێنەر لەسەرتاسەری جیهان جێگیر کردووە، لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەکیش لەسەر دیزاینە تازەکە، بڕیاریشە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا دیزاینە تازەکە بگاتە پەیجی سەرجەم بەکارهێنەران.

دیارترین گۆڕانکاری لە دیزاینە تازەکەی فەیسبووك کە بەکارهێنەران سەرنجیان دەخەنە سەر، گۆڕانی ڕەنگی باکگراوەندی سەرەکی پەیجەکانە، کە لە پێشوودا ڕەنگەکە سپی بوو، بەڵام لە دیزاینە تازەکەدا گۆڕاوە بۆ ڕەنگی شینێکی کاڵ، بۆیەشە کاتێك بەکارهێنەران یەکەمجار گۆڕانکارییەکە دەبینن هەستدەکەن لە بەرامبەر شتێکن جیاوازە لە فەیسبووك کە پێشتر لەسەری ڕاهاتوون، کە ڕەنگە بۆ هەندێکیشیان تا ڕادەیەك بێزارکەر بێت.

گۆڕانکارییەکی دیکە کە بەکارهێنەر لە دیزاینە تازەکەدا هەستی پێدەکات، گۆڕانی جۆری فۆنتی نووسینە، کە لە پێشوودا جۆری فۆنتەکە "Tahoma" بوو، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ "Arial" لە کۆمپیۆتەری ئاسایی و "Helvetica" لە "ماك" دا، کە ڕەنگە ئەوەش بۆ هەندێکیان تا ڕادەیەك بێزارکەر بێت.

گۆڕانکارییەکی دیکەی دیزاینە نوێیەکە، دەبینین قەبارەی وێنەکان گەورەترە بە بەراورد بە جاران، کە ئەوەش ڕەنگە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشتر لە بەردەم بەکارهێنەردا دروستبکات.

تایبەتمەندییەکی دیکە لە دیزاینە نوێیەکەدا ئەوەیە، بەکارهێنەر ناتوانێ لایك و کۆمێنتی هاوڕێکانی ببینێت لەسەر پۆست و وێنەیەکی دیکە.

لای خۆشییەوە پێگەی فەیسبووك دووپاتیکردۆتەوە، کە ئەو گۆڕانکارییە بینراوانە، شێوازی نمایشکردنی تایبەت بە پۆستەکان و ڕیزبەندیکردنیان ناگۆڕێت، نیازیشی وایە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا تەواوی بەکارهێنەران بە دیزاینە تازەکە و گۆڕانکارییەکان ئاشنا بکات، بۆیە ئەو بەکارهێنەرانەی تا ئێستا دیزاینە تازەکەیان پێنەگەیشتووە، با خۆیان بۆ پێشوازی لێکردنی ئامادە بکەن.

شایەنی باسە، ئێستا زیاتر لە یەك ملیار کەس پەیجی تایبەت بە خۆیان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك هەیە.

إرسال تعليق