Ads (728x90)

کۆلۆمبیا و بەڕازیل براوەی دەستپێکی قۆناغی 16 بوون
لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناغی شانزەی جامی جیهانی لە بەڕازیل، کاتژمێر 7 ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان دوویاری بەڕێوەچوون، لە یاری یەکەمدا هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و شیلی بەیەکگەیشتن.

لە گێمی یەکەم و لە خولەکی (18) یاریزانی بەرگریکاری بەڕازیلی “داڤید لویز” هەڵبژاردەکەی بە گۆڵێك پێشخست، لە خولەکی (32) شیلییەکان بە گۆڵی “ئەلیکسس شانسێز” ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە، بە درێژایی گێمی دووەمیش ئەنجامەکە وەکو خۆی مایەوە، لە دوو گێمی زیادکراویشدا هیچ گۆڕانکارییەك بەسەر ئەنجامەکەدا نەهات، وێڕای ئەوەی هەڵبژاردەی شیلی ئاستێکی زۆر بەرزیان پێشکەشکرد و باشتر و بەهێزتر لەناو یاریگادا دەرکەوتن، بەڵام لە لێدانەکانی سزادا هەڵبژاردەی بەڕازیل توانی بە بە جیاوازی (3-2) گۆڵ یارییەکە بباتەوە و وەکو یەکەم هەڵبژاردە خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 8 ی جامی جیهانی، هەڵبژاردەی شیلیش بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

لە یاری دووەمیشدا لە کاتژمێر 11 ی شەو، هەردوو هەڵبژاردەی ئۆروگوای و کۆلۆمبیا بەیەکگەیشتن، لە گێمی یەکەم و لە خولەکی (28) یاریزانی ئاستبەرزی کۆلۆمبی “جیمیس ڕۆدرێگز” بە تۆمارکردنی جوانترین گۆڵی مۆندیال هەڵبژاردەکەی بە گۆڵێك پێشخست،  لە گێمی دووەم و لە خولەکی (50) هەمان یاریزان “جیمیس ڕۆدرێگز” دووەم گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمار کرد و ئەرکی هەڵبژاردەی ئۆروگوای زەحمەتتر کرد، یاریزانانی ئۆروگوای هەموو توانایەکی خۆیان خستەگەڕ بۆ ڕاگەیشتنەوە بە ئەنجامی یارییەکە، بەڵام پلانی بەهێزی بەرگری کۆلۆمبیاییەکان شکستی بە هەموو هەوڵەکانی ئۆروگوای هێنا، ئەنجامی یارییەکەش بە (2-0) کۆتاییهات، کۆلۆمبیاش بووە دووەم هەڵبژاردەی قۆناغی 8 ی جامی جیهانی.

إرسال تعليق