Ads (728x90)

لەوانەیە چاکە لەناو خەراپە دابێ
لە سەردەمی ئێستاماندا، پەیوەندی نێوان ژن و مێرد بە چەندین قۆناغی ناخۆشدا تێدەپەڕێت، هۆکار و فاکتەرە جیاوازەکان درز و بۆشایی دەخەنە نێوانیان، بەربەست لە نێوانیان دروستدەکەن، خۆشەویستی و سۆزیان بۆ یەکتر کاڵ دەکاتەوە، وا دەکات دژ بە یەکتر هەڵبگەڕێنەوە، هەموو ئەوانەش تێکچوونی شیرازەی خێزانی لێدەکەوێتەوە، بۆیە دەبێت هەردووکیان بە گەڕانەوە بۆ گیانی لێبووردن و یەکتر قەبوڵکردن، هەموو ئەو پێشهاتانە بکەنە خاڵی وشیاربوونەوە و درککردنەوە بە بەرپرسیارییەتی گەورەی پاراستنی تەبایی و یەکگیانی ناو خێزان، چونکە ئەگەر وا نەکەن، کاریگەری خراپ لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ئایندەی کۆمەڵگا پەیدا دەبێت و داهاتووی نەوەکانیشی تارمایی دەبێت، ڕۆڵەکانیشیان دەکەونە بەردەم دووڕیانێکی مەترسیدار، دەشبێت ژن زیاتر لە پیاو ئۆقرە بگرێت و ببێتە هێزی مانەوەی خێزان بە سەرکەوتوویی.

دەگێڕنەوە لە سەردەمانێکی زوودا، پیاوێك هەبووە بەناوی “ئەنەسی کوڕی عامر”، ویستی ئافرەتێکی جوان بکاتە هاوسەری خۆی، قیسمەتی خواش وابوو کە ئاواتەکەی هاتەدی و ئافرەتەکەی بە نسیب بوو.

بەڵام کاتێك مارەی کرد و ژنەکە ڕووخساری خۆی پیشاندا “چونکە پێشتر نەیدیتبوو، بەڵکو بەس گوێبیستی جوانییەکەی ببوو”، بینی ژنێکی ڕەنگ ڕەشە و جوان نییە، بۆیە هەر لە شەوی گواستنەوەدا “لە شەوی بووکێنیدا” پشتی لێکرد و بەجێیهێشت..!، ئەوەش ئافرەتەکەی زۆر ئازاردا.

دوورکەوتنەوەی ئەو ژن و مێردە بەردەوام بوو و تا دەهات درێژەی دەکێشا، بۆیە کاتێك ژنەکەی هەستی بەوە کرد، چووە لای مێردەکەی و پێیوت: ئەی ئەنەس، لەوانەیە چاکە لەناو خەراپە دابێ، ئەنەسیش دڵنەرم بوو و بە گوێی خێزانەکەی کرد و هاوسەرگیرییەکەی تەواو کرد و سەرجێی لەگەڵ کرد، بەڵام هەستی ڕازی نەبوون بە شێوە و ڕەنگەکەی لەناو دڵیدا بەرداوم بوو، بۆیە جارێکی دیکە پشتی لێکرد و لە یەکتر دوورکەوتنەوە.

بەڵام دوورکەوتنەوەی ئەوجارەیان بیست ساڵی خایاند!، ئەنەس نەشیزانی بوو کە ژنەکەی لە کاتی سەرجێیەکەیاندا سکپڕ بووە..!، بۆیە دوای بیست ساڵ ئەنەس دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەدینەی پیرۆز، چونکە ماڵی لەوێ بوو، بۆیە بە نیازی نوێژکردن دەیەوێت بچێتە مزگەوت، کە دەچێتە ناو مزگەوت، گوێبیستی ئیمامی مزگەوتەکە دەبێت دەرس بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە، بۆیە ئەویش دادەنیشێت و گوێی لێدەگرێت، شێوازی تەدریس و زیرەکی و لێهاتوویی ئیمامە گەنجەکە سەرسامی دەکات و تووشی سەرسوڕمانی دەکات..!، بۆیە پرسیاری ناوی ئیمامەکە لە خەڵکەکە دەکات، ئەوانیش دەڵێن ئەوە ئیمام مالیکە، ئەنەس بە خەڵکەکە دەڵێت: کوڕی کێیە..؟، خەڵکەکە پێیدەڵێن: ئەوە کوڕی پیاوێکە بیست ساڵە مەدینەی جێهێشتووە و ناوی ئەنەسە!.

بۆیە ئەنەس دەچێتە لای ئیمام مالیك و پێیدەڵێت: لەگەڵ تۆ دێم بۆ ماڵەوەتان..!، بەڵام من لەلای دەرگا دەوەستم و بە دایکت بڵێ: پیاوێك لەبەر دەرگا وەستاوە و دەڵێت: لەوانەیە چاکە لەناو خەراپە دابێ!.

کاتێك ئیمام مالیك دەچێتە لای دایکی و ئەو قسەیەی پێدەڵێت، دایکەکەی پێی دەڵێت: بڕۆ خێراکە دەرگاکەی بۆ بکەوە، ئەوە باوکتە، کە پاش بیست ساڵ بێسۆراخی هاتووەتەوە..!، دایکەکە نەیوت ئێمەی جێهێشتووە و ڕۆیشتووە!!.

بەڵێ، بە درێژایی بیست ساڵ، ئەو شێرەژنە بە خراپ باسی باوکی بۆ کوڕەکەی نەکردووە..!، بۆیە بەیەکگەیشتنەوەکە گەرموگوڕ بوو، ئا ئەوەیە ژنی بە وەفا، ئا ئەوەیە دایکی ئیمام مالیکی کوڕی ئەنەس.

بۆیە ئافرەتانی ئازیز، هەرگیز باسی خراپییەکانی پیاوەکەت مەکە لەلای کەس، تەنانەت لەلای منداڵەکانیشت.

إرسال تعليق