Ads (728x90)

نازانم، وتەیەكی زۆر گرنگ و بایەخدار
وتەی “نازانم” کاریگەرییەکی گەورە و بەهێزی هەیە لەسەر ناخی ئەو کەسەی دەیڵێت پێش ئەو کەسەی گوێی لێدەبێت.

لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەری ئازیزمان “دخ” دەفەرمووێت: “مَا عَلِمْتُمْ مِنْهُ فَقُولُوا، وَمَا جَهِلْتُمْ فَكِلُوهُ إلَى عَالِمِهِ”، واتە: ئەو شتەی دەیزانن بیڵێن، ئەوەشی نایزانن لێیگەڕێن بۆ ئەو کەسەی دەیزانێ.

لە فەرموودەیەکی دیکەدا حەزرەت “دخ” دەفەرمووێت: زانست سێ بەشە: یەکەمیان قوڕئانە، دووەمیان فەرموودەیە، سێیەمیان ئەگەر پرسیاری شتێکیان لێکردی و نەتزانی بڵێی نازانم.

ئیمام ئەبو حەنیفە کوڕی نوعمان “خوا لێی ڕازی بێت” لە بارەی وتەی “نازانم” دەڵێت: وتەی “نازانم” بە قەد نیوەی زانستە، بۆیە با دووجار وتەی “نازانم” دووبارە بکاتەوە بۆ ئەوەی زانستەکەی تەواو بێت.

لە کلتوری خۆرئاواشدا کۆدەنگییەك هەیە لەسەر ئەوەی لە سەرەوە باسمانکرد، بۆ نموونە نووسەری فەڕەنسی “ئەندریە مۆروا” دەڵێت: دەتوانین گفتوگۆ و دیالۆگ بە شێوەیەکی گەورە باشتر بکەین، ئەویش لە ڕێی زۆر بەکارهێنانی دوو وشەی سادە: وتەی “نازانم”.

هەروەکو فەیلەسوفی ناودار “فۆلتێر” دەڵێت: دەبێت لەوپەڕی نەزانیدا بێت، ئەو کەسەی هەر پرسیارێکی لێکرا و وەڵامی دایەوە.

کەسانی خاوەن عەقڵ و زانست ڕێککەوتوون و یەکدەنگن لەسەر گرنگی و بایەخداری ئەوەی، کە خۆمان ڕابهێنین لەسەر وتەی “نازانم”، هەر چەند ئەو وتەیە زۆر قوڕسە لەسەرمان.

إرسال تعليق