Ads (728x90)

بە هاتریکەکەی شاکیری سویسڕا سەرکەوت
لە دوا یارییەکانی گروپی پێنجەم لە قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی لە بەڕازیل، کاتژمێر 11 ی دوێنێ شەو دوا دوو یاری ئەو گروپە لە یەککاتدا بەڕێوەچوون.

لە یاری یەکەمدا هەردوو هەڵبژاردەی فەڕەنسا و ئیکوادۆر لە یەکێك لە بەهێزترین یارییەکانی ئەو گروپە بەیەکگەیشتن، هەڵبژاردەی فەڕەنسا گەیشتنی بە قۆناغی شانزە بەر لەو یارییە مسۆگەر کردبوو، لە کاتێکدا ئیکوادۆر تەنها بە بردنەوە دەیانتوانی درێژە بە هەنگاوەکانی بدات بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو، بۆیەش هەڵبژاردەی ئیکوادۆر ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، بەڵام نەیتوانی ئاواتەکەی بەدیبێنێت و یارییەکە بە یەکسانبوونی سەلبی کۆتاییهات، کەڵەشێرەکانیش بە پێشەنگی گروپەکەیان گەیشتنە قۆناغی شانزەی مۆندیال، هەڵبژاردەی ئیکوادۆریش بای بای لە مۆندیال کرد.

لە یاری دووەمیشدا هەردوو هەڵبژاردەی سویسرا و هیندۆراس بەیەکگەیشتن، سویسڕییەکان یارییەکی ئاستبەرزیان پێشکەشکرد و بە ئەنجامی (3-0) گۆڵ یارییەکەیان بردەوە، کە یاریزانی ئاستبەرز “شیردان شاکیری” هاتریکی تۆمارکرد و ئەو سەرکەوتنە گرنگ و گەورەیەی بەخشییە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، چونکە بە سوودوەرگرتن لە ئەنجامی یاری فەڕەنسا و ئیکوادۆر و بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنە گرنگە، شانبەشانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بە پلەی دووەم بۆ قۆناغی شانزەی مۆندیال سەرکەوتن.

لە کاتژمێر 7 ی دوێنێ ئێوارەشدا، دوا دوو یاری گروپی شەشەم لە یەککاتدا بەڕێوەچوون، لە یاری یەکەمدا هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و نەیجیریا بەیەکگەیشتن، لە ئەنجامدا هەڵبژاردەی تانگۆ بە سەرکردایەتی “لیۆنێل میسی” بە ئەنجامی (3-2) گۆڵ یارییەکەی بردەوە، گۆڵەکانی ئەرجەنتین لەلایەن “لیۆنێل میسی” لە خولەکەکانی (3 و 45) و “مارکۆس فاوستیتۆ ڕۆخۆ” لە خولەکی (50) ەوەتۆمارکران، گۆڵەکانی نەیجیریاش لەلایەن “ئەحمەد موسا” لە خولەکەکانی (4 و 47) ەوە تۆمارکران، بەو ئەنجامەش هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و نەیجیریا بە یەکەم و دووەمی گروپەکەیان بۆ قۆناغی شانزە سەرکەوتن.

لە یاری دووەمیشدا هەردوو هەڵبژاردەی بۆسنە و ئێران بەیەکگەیشتن، لە ئەنجامدا هەڵبژاردەی بۆسنە بە ئەنجامی (3-1) گۆڵ یارییەکەی بردەوە، گۆڵەکانی بۆسنە لەلایەن “ئیدین دزیکۆ” لە خولەکی (23) و “میرالم بیانیتش” لە خولەکی (59) و “ئەفدییا فرساییڤیتش” لە خولەکی (83) ەوە تۆمارکران، تاکە گۆڵی ئێرانییەکانیش لەلایەن “ڕەزا قۆچان نەژاد” لە خولەکەکانی (82) ەوە تۆمارکرا، هەردوو هەڵبژاردەکەش بای بایان لە مۆندیال کرد.

إرسال تعليق