Ads (728x90)

ڕۆژووەوان و ئامانج لە بەڕۆژووبوون
لە گرنگترین ئامانجی پەرستشەكان، گواستنەوەی هەقیقەتە ئیمانییەكانە لە لایەنی تیۆرییەوە بۆ لایەنی پراكتیكی، بە تەرزێك شوێنەواری پەرستشەكان لە ڕەفتار و ئاكاری موسڵماندا ڕەنگبداتەوە، بەڕۆژووبوونیش لە پێشەوەی ئەو پەرستشانەوە دێت، كە گۆڕانێكی گەورەی پۆزەتیڤانە لە هەڵسوكەوتەكانی ڕۆژووەواندا دروستدەكات.

بە درێژایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیش، ڕۆژووەوان هەست بە كرانەوەیەكی تەواو دەكات بە ڕووی پێویستییە مەعنەوی و ڕۆحییەكان، ئەوەش بەرەنجامی سروشتی دەستبەرداربوونییەتی لە خواستە جەستییەكان، بۆیە ئەوەیان هاندەرێكی گرنگ دەبێت تا بە تامەزرۆییەوە و بە پەرستش و نزا و پاڕانەوە و زیكرەكان ڕوو لە خوای كردگار بكات، هەروەكو لە لایەنی دەروونیشەوە بەهێزتر و گەرموگوڕتر دەردەكەوێت، ویست و ورەبەرزی و وانەی دینداری گەورەشی دەستدەكەوێت، ئازایانەش بەرەنگاری شەپۆڵەكانی ئارەزوو و پاڵنەرەكانی هەوەسبازی دەبێتەوە، هەموو ئەوانەش بە پێدراوی هەرە گرنگ لە بەڕۆژووبوونەكەی هەژمار دەكرێن.

لێرەدا هەڵوێستە لەسەر گرنگترین سێ ئامانج دەكەین، كە دەبێت ڕۆژووەوان لە بەڕۆژووبوونەكەیدا بەرجەستەیان بكات:

یەكەم/ ئامادەگی ڕۆحی: زۆر گرنگە ڕۆژووەوان هۆشیاری و ئاگاهی و زانیاری لەسەر لایەنی ڕۆحگەرایی هەبێت و بەوپەڕی توانا و تامەزرۆییەوە لە بەڕۆژووبوونەكەیدا ڕەنگڕێژی بكات، ئەوەش لە ڕێی ئاوێزانبوونی لەناو جیهانی پاڕانەوە و نزا و داواكردنی لێخۆشبوون و خوێندنەوەی قوڕئانی پیرۆز و وتنەوەی زیكرەكان و تاد..ەوە دەبێت.

دووەم/ ئامادەگی دەروونی: پێویستە ڕۆژووەوان بە بایەخپێدانەوە كار لەسەر تۆخكردنەوەی لایەنی دەروونی بكات لە ڕۆژووەكەیدا، ئەویش بە خۆپاككردنەوە دەبێت لە كڕێژی ڕق و بوغزاندنی ئەم و ئەو، ئەوەش لە پێناو نزیكبوونەوە لە خوای گەورە و حاسڵبوونی دەرفەتی مێواندارییەكەی، بە تایبەت دەبێت خۆی لە خراپترین جۆرەكانی ڕق و كینە بە دوور بگرێت، كە ئەویش لە دڵگرتنی ڕق و كینەیە لە بەرامبەر كەسێك بەهۆی جلوبەرگەكەی یان شێوەكەی یان ڕەنگەكەی یان بۆچوونەكەی یان ئینتیماكەی و تاد.

سێیەم/ ئامادەگی كرداری: ئەگەر ڕۆژووەوان بیەوێت بە بەڕۆژووبوونەكەی لە خوای گەورە نزیك ببێتەوە و بە ڕەزامەندییەكەی شاد بێت، پێویستە هیچ مافێكی خەڵكانی دیكە لەسەر خۆی نەهێڵێت، چونكە ئەوەیان لە دژوارترین وێستگەكانی ڕۆژی دواییە، مانگی ڕەمەزانیش وێستگەیەكی پیرۆزە بۆ خۆپاككردنەوە لە مافی خەڵك و ڕاگەیشتنەوە بە دەرفەتی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای پەروەردگار.

نووسینی/ بەڕێوبەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق