Ads (728x90)

کەڵەشێرەکان قووقاندیان، تانگۆش شەرمنانە بوو
چوارەم ڕۆژی یارییەکانی مۆندیال سێ ڕووبەڕووبوونەوەی گرنگی بەخۆیەوە بینی، تێیدا ڕووداو و ئەنجامەکان بەمشێوەیە بوون:

لە کاتژمێر 7 ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی سویسرا و ئیکوادۆر بەیەکگەیشتن، لە گێمی یەکەم و لە خولەکی (22) دا، یاریزان “ئیتیر ڤالانسیا” هەڵبژاردەی ئیکوادۆری کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم، بەڵام لە سەرەتای گێمی دووەم و لە خولەکی (48) دا، سویسڕییەکان بە گۆڵی یاریزان “ئەدمیر موحەممەدی” گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەیان تۆمار کرد، لەو دەمەشدا کە یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو و ئەنجامەکەش بە یەکسانبوون تەواو دەبوو، لە دوا خولەکی یارییەکەدا یاریزانی سویسری “هاریس سیفیروڤیتش” گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی تۆمار کرد و سێ خاڵی گرنگی پێشکەش بە هەڵبژاردەی سویسرا کرد و ئەنجامی یارییەکەش بە ئەنجامی (2-1) لە بەرژەوەندی سویسرییەکان کۆتاییهات.

لە دووەم یاریشدا کە کاتژمێر 10 ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، هەردوو هەڵبژاردەی فەڕەنسا و هیندۆراس بەیەکگەیشتن، لە گێمی یەکەمدا کەڵەشێرە فەڕەنسییەکان پەلەیان بوو بۆ تۆمارکردنی گۆڵ، هیندۆراسەکانیش بە پلانی بەرگریکردن و یاریکردن بە توندی دەجووڵانەوە، یارییەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی فەڕەنسییەکان بوو بەڵام گۆڵیان بۆ تۆمار نەدەکرا، تا لە خولەکی (42) دا ناوبژیوان پەناڵتییەکی بۆ فەڕەنسا هەژمارکرد و یاریزانێکی بەرگریکاریشی لە هیندۆراس بە کارتی سوور کردە دەرەوە، “کەریم بنزیمە” بە سەرکەوتوویی پەناڵتییەکەی جێبەجێکرد و ئەو گێمەش بەو تاکە گۆڵەی فەڕەنسییەکان کۆتاییهات.

لە دەستپێکی گێمی دووەمدا، کەڵەشێرە فەڕەنسییەکان دەرفەتیان لە بەردەمدا کراوە بوو بۆ زیادکردنی ژمارەی گۆڵ، ئەوە بوو لە خولەکی (48) دا “کەریم بنزیمە” گۆڵی دووەمی خۆی و هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد، “کەریم بنزیمە” لە خولەکی (73) دا گۆڵی سێیەمی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و بووە خاوەنی یەکەم هاتریکی مۆندیالی بەڕازیل، یارییەکەش بە سەرکەوتنێکی گرنگی فەڕەنسییەکان بە ئەنجامی (3-0) کۆتاییهات.

لە بەرەبەیانێکی زووی ئەمڕۆشدا، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بۆسنە و هیرزاگۆڤین بەیەکگەیشتن، لە گێمی یەکەم و لە خولەکی (3) دا ئەرجەنتین لە جێبەجێکردنی فاولێکدا توانی گۆڵ تۆمار بکات و پێشبکەوێت، دوای ئەوەی بۆسنییەکان بە هەڵە گۆڵیان لە خۆیان تۆمار کرد، هەڵبژاردەی بۆسنە هەرچەند بۆ یەکەمجارە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، بەڵام بە درێژایی گێمی یەکەم لە ئاستێکی بەرزدا دەرکەوتن، بەڵام لە بەر ئەوەی چانس یاوەریان نەبوو چەندین هەلی ترسناکی گۆڵ تۆمارکردنیان لەدەستدا، یاریزانانی تانگۆش بە تایبەت “لیۆنێل میسی” ون بوون لەناو یاریگادا و ئاستیان وەك پێویست نەبوو، بەو ئەنجامەش گێمی یەکەم کۆتایی هات.

لە گێمی دووەمدا بۆسنییەکان بەردەوام بوون لە ئازاردانی ئەرجەنتینییەکان و بە هەمان ئاستی گێمی یەکەم دەجەنگان، تا لە خولەکی (65) دا و لە شووتێکی جوان و بەهێزدا “لیۆنێل میسی” گۆڵی یەکەمی خۆی و دووەمی تیپەکەی تۆمار کرد، بۆسنییەکان بەردەوام بوون لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە گۆڵی تانگۆ، تا لە خولەکی (85) دا “ئەمیر سەفاهیتش” گۆڵی یەکەمی بۆ تیپەکەی تۆمار کرد، سەرەڕای هەوڵی زۆریان بۆ یەکسانکردنەوەی یارییەکە، بەڵام یارییەکە بە بردنەوەی میسی و هاوڕێکانی بە ئەنجامی (2-1) کۆتاییهات.

ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئاستی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین وەکو پێویست نەبوو، بە تایبەت لە هێڵی بەرگری، ئەو دەرکەوتنە شەرمنانەشیان جێگەی پرسیارێکی زۆرە!؟.

إرسال تعليق