Ads (728x90)

هۆڵەندا و کۆستاریکا چانس یاوەریان بوو
لە دووەم ڕۆژی یارییەکانی قۆناغی شانزەی جامی جیهانی لە بەڕازیل، کاتژمێر 7 ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان دوویاری بەڕێوەچوون، لە یاری یەکەمدا هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و مەکسیك بەیەکگەیشتن.

لە گێمی یەکەمدا هەردوو هەڵبژاردەکە بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، بەڵام لە خولەکی (32) ی گێمی دووەمدا مەکسیکییەکان بە گۆڵی “گیۆڤانی دۆس سانتۆس” پێشکەوتن، هۆڵەندییەکان هەوڵەکانیان چڕ کردەوە، تا لە خولەکی (88) لە ڕێی “ویسلی شنایدەر” گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەیان تۆمارکرد، لە خولەکی (90) یشدا و لە ڕێی “کلاس یان هۆنتلار” لە لێدانی سزادا هەڵبژاردەی هۆڵەندا بلیتی گەیشتن بە قۆناغی 8 ی مۆندیالی بەڕازیلی لە چنگی مەکسیکییەکان دەرهێنا و توانی بە بە جیاوازی (2-1) گۆڵ یارییەکە بباتەوە و وەکو سێیەم هەڵبژاردە خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 8 ی جامی جیهانی، هەڵبژاردەی مەکسیکیش کە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و نزیکبوو لە سەرکەوتن لەو یارییەدا، بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

لە یاری دووەمیشدا کە لە کاتژمێر 11 ی شەو بەڕێوەچوو، هەردوو هەڵبژاردەی کۆستاریکا و یۆنان بەیەکگەیشتن، لە گێمی یەکەم وێڕای هەوڵی چڕوپڕی هەردوولا بۆ تۆمارکردنی گۆڵ بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، لە گێمی دووەمیشدا لە خولەکی (52) کۆستاریکا بە گۆڵی “براین ڕۆیز” پێشکەوت، یۆنانییەکان هەموو هەوڵێکیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناو کەشوهەوای یارییەکە، ئەوە بوو لە دوا خولەکی یارییەکە بە گۆڵی “سۆکراتیش باباستاسۆبۆلۆس” ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە، بەڵام ئەو ئەنجامە گۆڕانی بەسەردا نەهات و ئەنجامی یارییەکەش لە کاتی یاسایی بە (1-1) کۆتاییهات، لە گێمی زیادکراوی یەکەم و دووەمیشدا هەردوو هەڵبژاردەکە یەکسانبوون، بۆیە بە لێدانەکانی سزا هەڵبژاردەی کۆستاریکا بە ئەنجامی (5-3) سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە چوارەم هەڵبژاردەی قۆناغی 8 ی جامی جیهانی، هەڵبژاردەی یۆنانیش ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

إرسال تعليق