Ads (728x90)

کەڵەشێرەکان بە سەرکردایەتی “پۆڵ بۆگبا” سەرکەوتن
لە سێیەم ڕۆژی یارییەکانی قۆناغی شانزەی جامی جیهانی لە بەڕازیل، کاتژمێر 7 ی ئێوارە ی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان هەردوو هەڵبژاردەی فەڕەنسا و نەیجیریا بەیەکگەیشتن.

یاریزانانی هەڵبژاردەی نەیجیریا ئاستێکی زۆر بەرزیان پێشکەشکرد و تاوەکو 10 خولەك پێش کۆتاییهاتنی یارییەکە خۆڕاگر بوون بەرامبەر بە پلانی فەڕەنسییەکان، تەنانەت چەند دەرفەتێکی گۆڵ تۆمارکردنیشیان لەدەستدا و نزیکبوون لە سەرکەوتن.

بەڵام لە خولەکی (79) ی یارییەکەدا، فەڕەنسییەکان بە گۆڵێکی جوانی “پۆڵ بۆگبا” پێشکەوتن و ئاستەنگەکانی بەردەم سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو شکاند، ئەو گۆڵە کاریگەری لەسەر دەروونی نایجیرییەکان دروستکرد، ئەوە بوو جارێکی دیکە فەڕەنسییەکان لە خولەکی (90) لە ڕێی بەرگریکاری نایجیری “جۆزێف بۆیۆ” کە گۆڵی لە خۆیان تۆمارکرد بوونە خاوەنی گۆڵی دووەم و دڵنیایی.

بەو سەرکەوتنە کەڵەشێرەکان بوونە پێنجەم هەڵبژاردەی قۆناغی 8 و چاوەڕوانی ئەنجامی ڕووبەرووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و جەزائیرن کە کاتژمێر 11 ی ئەمشەو بەیەکدەگەن، کە براوەکەیان دەبێتە ڕکابەری داهاتوویان، نەیجیرییەکانیش ماڵئاواییان لە مۆندیال کرد.

إرسال تعليق