Ads (728x90)

گەنجینەیەك چاکە لە وتنی چوار وشەدا
وێڕای سەرقاڵبوونی بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پێغەمبەرایەتی، ئیدریس پێغەمبەر “سڵاوی خوای لەسەر بێ” بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان کاری بەرگدروویی دەکرد، كاری بەرگدرووییش ئەوسا وەكو ئێستا نەبوو، كە ئامرازەكانی كاركردنی وەكو مەكینە و كەرەستەكانی دیكە بەردەست بن، بەڵكو كارەكە بە دەست و دەرزی و داو ئەنجامدەدرا.

بەڵام هەرگیز کارکردن بۆ بەدەستهێنانی پارووە نانی ژیان ڕێگر نەبووە لەوەی ئیدریس پێغەمبەر “سڵاوی خوای لەسەر بێ” لە پەیوەندی لەگەڵ خوای کردگار داببڕێت، چونکە هەر جارێك دەرزی لە قوماش هەڵبكێشابا و دەریهێنابا، چوار وشەی دەوتن: سبحان الله و الحمدلله و لا إله إلا الله و الله أكبر.

با بزانین بۆچی خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا بە پایەبەرز باسی ئیدریس پێغەمبەر دەكات..؟!، ئەوەتا لە قوڕئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: وَرَفَعْنَاهُ مَكَانًا عَلِيًّا، واتە: ئەی موحەممەد “دروودی خوای لەسەر بێ”، ئیدریسمان بەرز کردەوە بۆ شوێنێکی بەرز و بڵند.

دەگێڕنەوە، جارێكیان خوای گەورە بە ئیدریس پێغەمبەری فەرموو “سڵاوی خوای لەسەر بێ”: ئەی ئیدریس، ئایا دەزانی بۆچی پایەی تۆم بەرز كردۆتەوە..؟!، ئیدریس پێغەمبەر “سڵاوی خوای لەسەر بێ” فەرمووی: نەخێر، نازانم خودایە!.

خوای گەورە پێی فەرموو: بەهۆی زیكرە زۆرەكانی تۆوە، هەموو ڕۆژێك هێندەی نیوەی كردەوە چاكەكانی خەڵكی دونیا، كارە چاكەكانی تۆ بۆ لای من بەرز دەبنەوە!.

لێرەدا گەورەیی زمان پاراوییمان بە زیکر و ئەوراد بۆ دەردەکەوێت، بۆیە با دڵەکانمان بە زیکری خوای گەورە ڕابهێنین و خۆمانی لە نەگبەتییەکان زمان پێ ڕزگار بکەین.

إرسال تعليق