Ads (728x90)

مۆندیال دەستیپێکرد، بەڕازیلیش یاری دەستپێکی بردەوە
بە ئاهەنگێكی ماوە کورت، کە چەندین گرفتی دەنگی و دەرهێنانی تەلەفزیۆنی کلاسیکی لەخۆگرتبوو و هەوادارانی تۆپی پێی جیهانی تووشی سەرسوڕمانیکرد، مۆندیالی بەڕازیل 2014 دەستیپێکرد.

لە ڕاستییدا چالاکییەکانی ئاهەنگەکە سادەیی پێوە دیار بوو و هیچ موفاجەئەیەکی تێدا نەبوو، وەکو بڵێی تەنها پێشەکییەك بوو و تەواو، هیچی وای لێ بەدینەکرا کە جیاوازییەکی ئەوتۆ بداتە مۆندیالی بەڕازیل بە بەراورد بە مۆندیالەکانی دیکە، تەنانەت مۆندیالەکانی پێشوو زۆر باشتر بوون، ئەوە بێجگە لەو ناڕەزایەتییە گەورەیەی خەڵکی بەڕازیل پیشانی دەدەن لە سازکردنی ئەو پاڵەوانێتییە لە وڵاتەکەیان.

لە یەکەم یاریشدا، کە لەسەر یاریگای “ئەرینا کرۆنسیانیز ساوپاولۆ” بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی بەڕازیلی خاوەن خاك و یاریگا میوانداری هەڵبژاردەی کڕواتیای کرد، بەڕازیلییەکان بە پاڵپشتی مێژوو و خاك و جەماوەر دەستیانپێکرد، کڕواتییەکانیش بە پێکهاتەیەکی بەهێز و بە چەندین یاریزانی ئاستبەرز لە بەرامبەر خەونی ملیۆنان هەواداری وڵاتی سامبا وەستانەوە.

گێمی یەکەم بە دەستپێشخەری کڕواتییەکان دەستیپێکرد و لە هێڕشێکدا توانیان گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکەن، لەو کاتەی یاریزانی بەڕازیلی “مارسیلۆ” لە خولەکی (11) بە هەڵە گۆڵی لە خۆیان تۆمار کرد، بەڵام لە خولەکی (29) بەڕازیل گۆڵی بەرامبەری لەلایەن “نیمار” ەوە تۆمارکرد و گێمی یەکەم بە ئەنجامی یەکسانبوونی (1-1) کۆتاییهات.

لە گێمی دووەم بە هەمان ئیقاعی گێمی یەکەم یارییەکە بەڕێوەچوو، بەڵام لە خولەکی (71) ناوبژیوانی یابانی “یوچی نیشیمۆرا” پەناڵتییەکی گوماناوی بۆ بەڕازیل هەژمار کرد و لەلایەن “نیمار” ەوە بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا، لەو کاتەش کە کڕواتییەکان کەوتنەوە خۆ بۆ ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکە و چەندین هێڕشی مەترسیداریان کردە سەر گۆڵی هەڵبژاردەی سامبا، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانکراو نەبوو بەڕازیلییەکان لە هێڕشێکی هەڵگڕاوەدا و لە خولەکی (1+90) لەلایەن “ئۆسکار” ەوە گۆڵی سێیەم و دڵنیایی و بردنەوەیان تۆمارکرد، ئەنجامی یارییەکەش بە بردنەوەی بەڕازیل (3-1) و بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی یارییەکە کۆتاییهات.

إرسال تعليق