Ads (728x90)

موسڵمانانی بەڕیتانیا 19 کاتژمێر بەڕۆژوو دەبن
موسڵمانان لە بەڕیتانیا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەڕۆژووبوونی 19 کاتژمێر لە هەر ڕۆژێکی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەمساڵدا، کە ئەو ماوەیە بە سەختترین دادەنرێت بە بەراورد بە ساڵانێکی دوورودرێژی ڕابردوو.

هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕەمەزانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ وەرزی هاوین، کە کاتژمێرەکانی ڕۆژ تێیدا درێژترن بە بەراورد بە کاتژمێرەکانی شەو، بەو واتایەی کە ڕۆژووەوانانی بەڕیتانیا تەنها پێنج کاتژمێر جیایان دەکاتەوە لە نێوان خواردنی ژەمی پارشێو و ڕۆژووشکاندن و ئەنجامدانی نوێژی عیشا و تەڕاویح.

پێگەی ئەلیکتڕۆنی “العربیة” بڵاویکردووەتەوە، کە ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ فەتوادان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ژمارەیەك بابەتی وابەست بە بەڕۆژووبوون لەو شوێنانەی کە کاتژمێرەکانی ڕۆژ تێیدا زۆر زیاترە لە کاتژمێرەکانی شەو، چونکە هەندێك ناوچە هەن لە خۆرئاوای ئەوروپا، کە تاوەکو کاتژمێر 11 شەو خۆر تێیاندا ئاوا نابێت، بۆیە ئەوەیان پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردن هەیە و موسڵمانانی ڕۆژووەوان چاوەڕێی دۆزینەوەی ئاسانکارین لە چوارچێوەی شەرعدا کە بتوانن ئاسانتر ئەو ئەرکە ئایینیە پیرۆزەیان جێبەجێ بکەن.

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، کە بە گوێرەی دوا ئامارە ناڕەسمییەکان، زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو موسڵمان لە بەڕیتانیادا هەن، کە ئەو ڕێژەیەش بە بەراورد بە ڕابردوو، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، هەروەکو چاوەڕوانیش دەکرێت ئەو ژمارەیە بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

إرسال تعليق