Ads (728x90)

مەترسی وەرزشکردن لە مانگی ڕەمەزان
لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، پێویستە موسڵمانانی ڕۆژووەوان پێداچوونەوە بەسەر زۆر لە شتەکانیان بکەن و پڕۆگرامێکی گونجاو بۆ ماوەی 30 ڕۆژی ئەو مانگە دابنێن، کە ببێتە زامنی هاوسەنگی تەندروستی جەستە، هاوکات ببێتە دەرفەتێك بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکە ئایینیە بە تەواوترین حاڵەتی جەستییەوە.

یەکێك لەو خاڵە گرنگانەی دەبێت ڕۆژووەوانان هەڵوێستەی لەسەر بکەن و پزیشکە پسپۆڕەکانیش ئامۆژگاریمان دەکەن، وازهێنانە لە مومارەسەکردنی وەرزش لە ماوەی ئەو مانگە پیرۆزەدا، چونکە وەرزشکردن لەگەڵ بەردەوامبوون لە بەڕۆژووبوون مەترسی دیاریکراوی خۆی هەیە، بەوەی لە کاتی بەڕۆژووبووندا وزە و شلە جەستییەکان کەم دەبنەوە، ئەوەش سەردەکێشێت بۆ دروستبوونی وشکی، چونکە جەستەی ڕۆژووەوان دەچێتە ژێر پەستانێکی توند، کە بەهۆیەوە ئەو خانانەی لەش، کە لە میانی وەرزشکردندا بنیات دەنرێن، تووشی هەرەسهێنان و لەناوچوون دەبن.

بۆیە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو پێشوازی لەو مانگە پیرۆزە دەکەین و بەڕۆژووبوونیش خۆی لە خۆیدا وەرزشێکی زۆر گرنگە، پێویستە ئەو ئامۆژگارییە تەندروستییە لە بەرچاو بگرین، بە تایبەت وەرزشوانان، کە دەبێت زۆر وریا بن و نابێت تەندروستی جەستەییان بخەنە بەردەم مەترسییەوە، بە تایبەت وەرزشکردن لە پێش ڕۆژووشکاندن زۆر مەترسیدارە، بەڵام دوای ڕۆژووشکاندن دەتوانن مومارەسەی ئاسایی وەرزشی خۆیان بکەن.

إرسال تعليق