Ads (728x90)

ئایا ئەو ئەنجامە حیسابییە ڕاست و تەواوە: 2+2=5..؟!
بەڕێوبەرەکە پرسیاری لە سێ فەرمانبەر کرد لە کارەکەیاندا، ئایا ئەو ئەنجامە حیسابییە ڕاست و تەواوە: 2+2=5..؟!.

فەرمانبەری یەکەم وەڵامی دایەوە: بەڵێ گەورەم = 5.

فەرمانبەری دووەم وەڵامی دایەوە: بەڵێ گەورەم = 5 ئەگەر ژمارە 1ـی بۆ زیاد بکەین.

فەرمانبەری سێیەم وەڵامی دایەوە: نەخێر گەورەم هەڵەیە، چونکە ئەنجامەکە = 4.

لە ڕۆژی دووەمدا، دوو لەو سێ فەرمانبەرە هاوڕێکەیان لە کارەکەیاندا نەبینی..!، پاش پرسیارکردن، زانیان لە کارەکەی دوورخراوەتەوە!.

لەو سەروبەندەدا، جێگری بەڕێوبەر تووشی سەرسوڕمانی هات و بە بەڕێوبەرەکەی وت: گەورەم، بۆچی دەستبەرداری فەرمانبەری سێیەم بووی؟!.

بەڕێوبەرەکە وەڵامی دایەوە:

|| فەرمانبەری یەکەم درۆزنە و دەشزانێت درۆزنە (ئەو جۆرە کەسانەش داواکراو و قەبولکراون).

|| فەرمانبەری دووەم زیرەکە و دەشزانێت زیرەکە (ئەو جۆرە کەسانەش داواکراو و قەبولکراون).

|| بەڵام فەرمانبەری سێیەم ڕاستگۆیە و دەشزانێت ڕاستگۆیە (ئەو جۆرە کەسانەش ماندووکەرن و کارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیان سەخت و ئەستەمە).

لێرەدا بەڕێوبەرەکە بە جێگرەکەی وت: ئایا ئێستا بە ڕای تۆ ئەو ئەنجامە حیسابییە ڕاست و تەواوە: 2+2=5..؟!.

جێگری بەڕێوبەرەکە وەڵامی دایەوە: گەورەم، گوێبیستی وتەکانت بووم، منیش نەمتوانی ڕاڤەی بکەم، چونکە کەسانی وەکو من ناتوانن وتەی کەسانێکی زانا شیبکەنەوە!!!.

بەڕێوبەرەکە وەڵامی دایەوە: ئەو جۆرە مرۆڤانەی هاوشێوەی تۆش دووڕوون، دەشزانن دووڕوون (ئەو جۆرە کەسانەش خۆشەویستن).

|| ئەوەی لەو بابەتە بۆمان ڕووندەبێتەوە، واقیعێکی زۆر زۆر ئازاربەخشە، کە وەکو شێرپەنجە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بڵاوبووەتەوە، بە تایبەت کە کەسە هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازەکان کردوویانەتە هۆکارێك بۆ گەیشتن بۆ مەرامەکانیان و ئامانجە کەسییەکانیان.

إرسال تعليق