Ads (728x90)

دۆزینەوەی دەستنووسێکی قوڕئان لە ئەڵمانیا، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەرکەوتنی ئیسلام
ئەو وێنەیە گوزارشتییە
زانکۆی “توبینگن” لە ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەدات، کە زاناکانی دانەیەکیان لە قوڕئانی پیرۆز دۆزیوەتەوە، کە کۆنترە لەوەی لە سەرەتای دۆزینەوەیدا پێشبینی دەکرا.

زانکۆکە، کە بارەگاکەی دەکەوێتە شاری “توبینگن”، ڕوونی دەکاتەوە، کە مێژووی ئەو نوسخەیەی قوڕئانی پیرۆز دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی زایینی، واتا سەرەتای دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام.

توێژەران ڕوونی دەکەنەوە، ئەو نوسخەیەی قوڕئانی پیرۆز لە ماوەی 20-40 ساڵ لە پاش وەفاتی پێغەمبەر موحەممەد (دخ) لە ساڵی 632ـی زایینی نووسراوەتەوە.

توێژەران تا ئێستاش باوەڕیان وا بووە ئەو قوڕئانە دەستنووسە لە نزیکەی سەدەی هەشتەم یان نۆیەمی زایینی نووسرا بێت، بەڵام دوای پشکنینی چەند نموونەیەك لەو قوڕئانە دەستنووسە وەکو بەشێك لە پڕۆژەی توێژینەوەیەکی زانستی، توێژەران هەڵدەستن بە هەوڵدان بۆ بەدواداچوونی مێژووی نووسینەوەکەی.

ئاژانسی هەواڵەکانی ئەڵمانیاش وتەی قسەکەری کتێبخانەی زانکۆی “توبینگن”ـی گواستۆتەوە، کە دەڵێت: بە شێوەیەکی سەرەتایی دەتواندرێت تەمەنی دەقەکانی قوڕئانە دەستنووسەکە بزاندرێت، لە میانی لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییەکانی و، لە هەمانکاتیشدا سوودوەرگرتن لە ڕێگە فیزیاییەکان لە پێناو دڵنیابوون لە ڕادەی وردبینی ئەنجامی بەرایی.

قسەکەرەکە هەروەها دەشڵێت، قوڕئانە دەستنووسەکە، کە لە شاری “توبینگن” دۆزراوەتەوە، بە خەتی کوفی نوسراوەتەوە، ئەو خەتەش یەکێکە لە کۆنترین خەتەکانی زمانی عەڕەبی، ئەو پێشیوایە ئەو قوڕئانە دەستنووسە کۆنترین قوڕئانی دەستنووسە لەلای ئەوان.

شایەنی باسە، ئەو قوڕئانە دەستنووسە لە ساڵی 1864 ز گەیشتووەتە کتێبخانەی زانکۆی “توبینگن”، کاتێك زانکۆکە بەشێکی لە کۆمەڵە کتێبێکی تایبەت بە کونسوڵگەری بڕۆسی “یۆهان گۆتفرێد ڤیتس شتاین”ـی کڕی.

إرسال تعليق