Ads (728x90)

بردنەوەیەکی مێژوویی مانشافتەکانی ئەڵمانیا لە ماتادۆرەکانی ئیسپانیا
لەسەر یاریگای “بالایدۆس” لە شاری سەلتافیگۆ، هەڵبژاردەی ماتادۆرەکانی ئیسپانیا میوانداری هەڵبژاردەی مانشافتی ئەڵمانی کرد، لەو یارییەی کە بە یەکێك لە گرنگترین یارییە نێودەوڵەتییەکان دەژمێردرا، بەو پێیەی هەردوو هەڵبژاردەکە کۆمەڵێك ئەستێرەی درەوشاوەی جیهانی تۆپی پێ لەخۆدەگرن.

یارییەکە ئاستێکی بەرز و جوانی لەلایەن هەردوولاوە بەخۆیەوە بینی، یاریزانانی هەردوولا بە نیازی بردنەوە یارییان دەکرد، چەندین هەلی گۆڵ تۆمارکردنیشیان لەدەستدا.

یارییەکە بە درێژایی هەردوو گێمی یارییەکە بە ئەنجامی سپی 0-0 دەبینرا، نزیکیش بوو یارییەکە لەسەر ئەو ئەنجامە کۆتایی پێبێت، بەڵام لە خولەکی 89ـدا، یاریزانی ئاستبەرزی هێڵی ناوەندی مانشافتەکانی ئەڵمانیا و یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی “تۆنی کرۆس”، لە دەرەوەی هێڵی سزاوە شووتێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی ماتادۆرەکان کرد و توانی تاکە گۆڵی یارییەکە تۆمار بکات.

“تۆنی کرۆس” توانی یەکەم سەرکەوتن لەناو خاکی ئیسپانیا لەوەتەی مۆندیالی ساڵی 1982 ببەخشێتە هەڵبژاردەکەی، هەروەکو یەکەم بردنەوەی مانشافتەکانی ئەڵمانیایە بەسەر ماتادۆرەکانی ئیسپانیا لەوەتەی ساڵی 2000، بۆیە بردنەوەی ئەڵمانەکان بردنەوەیەکی مێژوویی زۆر گرنگبوو، لە زۆر ڕووی دیکەشەوە کاریگەری باشی بۆ هەڵگری نازناوی جامی جیهانی بەڕازیل دەبێت.

إرسال تعليق