Ads (728x90)

باڤارییەکان “کلاسیکۆی ئەڵمانیا” لە دۆرتمۆند دەبەنەوە
لە گرنگترین و بەهێزترین یارییەکانی هەفتەی دەیەمی خولی ئەڵمانی “بۆندسلیگا”، یانەی برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بووە میوانی ڕکابەرە سەرسەختەکەی یانەی بایرن میونخ و یەکەم یاری کلاسیکۆی ئەو وەرزەیان ئەنجامدا.

یارییەکە لەسەر یاریگای “ئەلیانز ئەرینا”ـی تایبەت بە یانەی بایرن میونخ بەڕێوەچوو، یاریزانانی برۆسیا دۆرتمۆند پێویستیان بە بردنەوە هەبوو، چونکە لە خشتەی ڕیزبەندیدا، لە ناوچەی مەترسی دابەزیندان، لە کاتێکدا یانە باڤارییەکە لە پێشەنگدایە و جیاوازی نێوانیان 14 خاڵە، بەڵام هەرگیز ئەوە نابێتە هۆی کەمکردنەوە لە بەهای کلاسیکۆی ئەڵمانی.

لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا، ئاستی هەردوو یانە لە یەك نزیكبوو، یاریزانانی هەردوولا بە ئامانجی بردنەوە یاریان دەکرد، بەڵام یاریزانانی یانەی برۆسیا دۆرتمۆند ئازاتر بوون و دەستپێشخەریان کرد، کاتێك لە خولەکی 31 و لەلایەن یاریزانی ئاستبەرز “مارکۆ ڕیۆس” تۆڕی گۆڵی یانە باڤارییەکەیان هەژاند، دوای ئەو گۆڵە، یاریزانانی یانەی بایرن میونخ هێڕشەکانیان بۆ سەر یانەی میوان چڕتر کردەوە، بەڵام بەهێزی هێڵی بەرگریان کرد بووە بەربەستێکی پۆڵایین لە بەردەم ئەستێرەکانی یانەی خاوەن یاریگا، ئەنجامی گێمی یەکەمیش بەو ئەنجامە 1-0 کۆتاییپێهات.

لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، یاریزانانی یانەی بایرن میونخ زۆر بە چڕی خۆیان لە ڕووبەرەکانی یانەی برۆسیا دۆرتمۆند نزیك دەکردەوە بە ئامانجی ڕاگەیشتنەوە بە ئەنجام و کەشوهەوای یارییەکە، بەڵام پتەوی و بەهێزی هێڵی بەرگری و تەرکیزی تەواوی یاریزانانی میوان لەسەر یارییەکە و پارێزگاریکردن لە ئەنجامەکە، کەشوهەوای یارییەکەی بەلای کەتیبەکەی “پیپ گواردیۆلا” ئاڵۆز کرد بوو، تا لە خولەکی 72ـی یارییەکە، یاریزانی ئاستباڵا “ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی” گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ یانە باڤارییەکە تۆمار کرد، ئەوەش وایکرد یارییەکە ئاسانتر بێت بۆیان، لە خولەکی 85ـیشدا ناوبژیوان پەناڵتییەکی بۆ یانەی بایرن میونخ هەژمار کرد و بە سەرکەوتوویی لەلایەن “ئاریان ڕۆبن”ـەوە جێبەجێکرا، تا سەرەنجام ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا و، باڤارییەکان بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

ئەو سەرکەوتنەی یانەی باڤاری زۆر گرنگ بوو بۆ پارێزگاریکردنی لە پێگەی خۆی لە پێشەنگی خولی ئەڵمانی “بۆندسلیگا”، پێگەی یانەی برۆسیا دۆرتمۆندیش زیاتر مەترسیدارتر دەبێت و ئەرکیان زەحمەتتر دەبێت.

إرسال تعليق