Ads (728x90)

پێنج سزای خودایی بۆ ئەو کەسانەی ئیرەیی بە خەڵك دەبەن
حەسودی و بەخیلی “ئیرەیی” دەردێکی زۆر کوشندەیە، سەرەنجامی زۆر خراپیشی بەدواوەیە، جاران ئاستی هۆشیاری خەڵك ئەوەندە بەرز نەبوو، بۆیە بە ئاسانی دزەی دەکردە دڵی مرۆڤەکان و گیرۆدەی دەبوون.

بەڵام لە ئێستادا کە ئاستی هۆشیاری خەڵك بەرزترە و، بە حیساب ژیانی مرۆڤەکان پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە و، بە بەراورد بە جاران ژیان بە کراوەتر و ڕۆشنتر دەبینن، بەڵام وێڕای ئەوەش، ئەو دەردە کوشندەیە “ئیرەیی” تا دێت زەقتر دەردەکەوێت و، زۆر زیاتر لە جاران مرۆڤەکانی تووشی خراپە و تاوان کردووە.

پێغەمبەری خۆشەویستیش (دخ) هۆشداریمان دەداتێ لەو دەردە کوشندەیە و دەفەرمووێت:

“إيَّاكم والحسدَ، فإنَّ الحسدَ يأكلُ الحسناتِ كما تأكلُ النَّارُ الحطبَ”

واتا ئاگاداری خۆتان بن لە حەسودی و ئیرەیی، چونکە چاکەکانتان لەناو دەبات، چۆن ئاگر دار دەسووتێنێت و لەناوی دەبات.

خوای تەعالا سزای زۆر قوڕسی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە ئیرەیی بە خەڵك دەبەن و نایانەوێ بە بەخششەکانی خوای گەورەوە بیانبینن، لەو بارەیەوە زانای بەناوبانگی ئیسلام “الفقيه أبو الليث السمرقندي” دەفەرمووێت: ئەو کەسەی ئیرەیی بە کەسێك دەبات، پێش ئەوەی کاریگەری ئیرەییەکەی بە کەسە بگات، پێنج سزای خودایی پێدەگات:

|| خەمێکی نەبڕاوە.

|| موسیبەتێکی بێ پاداشت.

|| سەرزەنشتییەکی ستایشنەکراو.

|| تووڕەبوونی خوای گەورە.

|| داخرانی دەرگای سەرکەوتن.

خوایە گیان، پەنات پێدەگرین لە نەخۆشییەکانی دڵ و دەروون و، لە خراپەی هەموو ئەو کەسانەی ئیرەییمان پێدەبەن.

إرسال تعليق