Ads (728x90)

گزنگی هیوا.. ڕۆحێکی دیکە دەبەخشێتە مرۆڤ
کیژۆڵەیەك بەهۆی نەخۆشییەکی کوشندەوە لەسەر جێگا کەوتبوو، پرسیاری لە خوشکە گەورەکەی کرد، کە ئەو لە نزیك پەنجەرەی ژوورەکەیان تەماشای درەختێکی دەکرد:

چەند گەڵا لە درەختەکە ماون؟!... خوشکەکەی بە چاوی پڕ فرمێسکەوە وەڵامی دایەوە: خوشکە خۆشەویستەکەم، بۆچی ئەو پرسیارە دەکەی؟!.

خوشکە نەخۆشەکەش وەڵامی دایەوە: چونکە دەزانم لەگەڵ کەوتنی دوا گەڵای درەختەکە، ڕۆژەکانی تەمەنی منیش تەواو دەبن!... خوشکەکەی بە زەردەخەنەوە وەڵامی دایەوە: مادام وایە تا ئەو کاتە چێژ لە ژیانمان وەردەگرین و ڕۆژانێکی جوان و خۆش بەسەر دەبەین.

ڕۆژان ڕۆیشتن و گەڵاکان یەك لە دوای یەك هەڵوەڕین، تەنها یەك گەڵا مایەوە..!، خوشکە نەخۆشەکەش بەردەوام چاودێری ئەو گەڵایەی دەکرد و، وای گومان دەبرد ئەو ڕۆژەی ئەو گەڵایەی تێدا هەڵدەوەرێت، نەخۆشییەکەش کۆتایی بە ژیانی ئەو دێنێت.

وەرزی پاییز بەسەرچوو.. پاشان وەرزی زستانیش بەسەرچوو.. ساڵیش هەر چوار وەرزەکەی تەواو کرد، کەچی دوا گەڵای درەختەکە هەڵنەوەری،،!!، خوشکە نەخۆشەکەش لەگەڵ خوشکە گەورەکەی بەختەوەر و دڵخۆشن، وا وردە وردە لە نەخۆشییەکەی چاك دەبێتەوە..!، تا سەرەنجام بە تەواوەتی شیفای بۆ هات و چاك بووەوە.


یەکەم شت دوای چاکبوونەوەی کە کردی، کچەکە چوو موعجیزەی دوا گەڵاکە ببینێت، کە هەڵنەوەری!!.. کە تەماشای کرد بینی گەڵایەکی دەستکردی پلاستیکی بوو، خوشکەکەی لە درەختەکەی جێگیر کرد بوو!!.

ئەوەی پەند و وانەیە لەو بابەتە، هیوا و ئومێد ڕۆحێکی دیکەیە، ئەگەر لەدەستیشدا، کەسانی دیکەی لێ بێبەش مەکە، بۆیە با هەمیشە گزنگی هیوا جیهانی دڵت ڕۆشن بکاتەوە..

إرسال تعليق