Ads (728x90)

گەورەیی ڕۆژی عاشوڕا لە تێڕوانینی پێغەمبەر "دخ"
پێغەمبەرمان "دخ" هاندەرمان بووە بۆ بەڕۆژووبوون لە ڕۆژی عاشوڕا، کە دەکاتە 10ـی مانگی موحەڕڕەم، چونکە پاداشتێکی گەورە و فەزڵێکی تایبەتی تێدایە.

لە سەرەتادا و پێش فەڕزکردنی بەڕۆژووبوون لە مانگی ڕەمەزاندا، بەڕۆژووبوون لە ڕۆژی عاشوڕادا واجب بوو، کاتێکیش بەڕۆژووبوون لە مانگی ڕەمەزاندا فەڕزکرا، بەڕۆژووبوون لەو ڕۆژەدا بووە شتێکی ئارەزوومەندانە، ئەو ڕاستییەش لەلایەن هەریەك لە "عائشة، وابن عمر، ومعاوية في الصحيحين، وابن مسعود ، وجابر بن سمرة عند مسلم، وقيس بن سعد بن عبادة، عند النسائي. " سەلمێنراوە.

لە هەردوو سەرچاوەی فەرموودە (سەحیحی بوخاری و موسلیم)ـدا هاتووە، ئەو کاتەی پێغەمبەر "دخ" هاتە مەدینەی پیرۆز، بینی جووەکان لە ڕۆژی عاشوڕادا بەڕۆژوو دەبن، بۆیە پرسیاری کرد: بۆچی جووەکان لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن؟، بە پێغەمبەریان وت: ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە خوای گەورە بەنو ئیسڕائیلی لە دوژمنەکەیان "فیرعەون" ڕزگار کردووە، بۆیە موسا پێغەمبەر "سڵاوی خوای لەسەربێت" لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوو.

بۆیە پێغەمبەر "دخ" فەرمووی: ئێمە شایستەترین لە شوێنکەوتنی موسا "سڵاوی خوای لەسەربێت" لە جووەکان، هەر بۆیەش پێغەمبەر "دخ" لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوو، تەنانەت فەرمانیکرد بە هاوڕێکانی بە بەڕۆژووبوون لەو ڕۆژەدا، هەروەکو پێغەمبەر "دخ" ئەوەشی وتبوو، کە ئەگەر لە ساڵی داهاتوو بمێنم، ڕۆژی نۆی موحەڕڕەمیش "تاسوعا" بەڕۆژوو دەبم، بەڵام بەداخەوە پێغەمبەر "دخ" ئەوەی بۆ نەهاتەدی، چونکە لە ساڵی داهاتوو کۆچی دوایی کرد، بۆیەشە وا باشترە موسڵمان لە هەردوو ڕۆژەکەدا "9 و 10"ـی موحەڕڕەم بەڕۆژوو بن.

ئەبو قەتادەش لە پێغەمبەر "دخ" دەگێڕێتەوە، کە پێغەمبەر "دخ" فەرموویەتی: صِيَامُ يَوْمِ عَاشُورَاءَ أَحْتَسِبُ عَلَى اللَّهِ أَنْ يُكَفِّرَ السَّنَةَ الَّتِي قَبْلَهُ"، واتا بەڕۆژووبوون لە عاشوڕا گوناهەکانی ساڵی پێشووی ڕەشدەکاتەوە.

بۆیە پێویستە لەسەرمان، بەوپەڕی پەرۆشییەوە لەو دوو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بین و ئەو سوننەتەی پێغەمبەر "دخ" بە زیندووی ڕابگرین، بەو هیوای خوای گەورە لە گوناهەکانمان خۆشبێت و کردەوەکانمان بکاتە چرای هەمیشە داگیرساوی سەر شاڕێی هیدایەت.

إرسال تعليق