Ads (728x90)

ئێوە چەند ناشیرینتر بن، ئێمەش جوانتر دەبین
تەقینەوەکەی دوێنێی هەولێری پایتەخت، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە ڕوونتر دەردەخات، کە ئامۆژگارییەکانی پێغەمبەری خۆشەویست (دخ) بۆ هەموو سەردەمەکان گرنگی و بایەخی بێسنووری خۆی هەیە، بە تایبەت بۆ ڕۆژگاری ئێستامان، کە بە چەندین دۆخی دژواردا تێدەپەڕین و، کەسانێکی سەرلێشێواو ئایینان کردووەتە کەرەستە بۆ ڕەواییەتیدان بەوپەڕی دڕندایەتی و وەحشیگەرایی.

لە یەکێك لە فەرموودە هەرە گرنگەکانیدا، حەزرەتی موحەممەد (دخ) چاوڕۆشنییەکی گەورەمان پێدەبەخشێت و دەفەرمووێت:


((يسِّروا ولا تعسِّروا، وبشِّروا ولا تنفِّروا))، واتا ئاسانگیر بن و سەختگیر مەبن، موژدەدەر بن و دوورخەرەوە مەبن.

ئەوە فەرموودەی پێغەمبەری خۆشەویستە (دخ)، کە ئەوپەڕی ڕوونی هەڵوێستی حەزرەت (دخ) دەردەخات لە هەمبەر ئاراستەکردنی خەڵك بەرەو ئایین بە ئاسانترین شێوە و شێواز، بەڵام هاوزەمان لەگەڵ ئەو کارەساتە تازەیەی پایتەختە بریندارەکەمان، ئەوەشمان پێدەڵێت، کە لە لووتکەی شەرمەزاریی و سەرشۆڕی هەردوو دونیان، ئەوانەی بەناوی ئایین و ڕێبەری پەیامەکەیەوە، هەرچی کاری نامرۆڤانەیە ئەنجامی دەدەن، کە دواترینیان ئەنجامدانی تەقینەوە دڕندانەکەی هەولێری پایتەخت بوو.

دەگێڕنەوە، ئەگەر پێغەمبەری خۆشەویست (دخ) سەرپشك کرابوایە لە نێوان دوو شتدا، ئەو ئاسانترینەکەیانی هەڵدەبژارد، بەڵام بەو مەرجەی تاوان و گوناهـ و سەرپێچی تێدا نەبوایە، بەڵام ئەگەر ئاسانترینەکەیان تاوان و گوناهـ و سەرپێچی تێدا بوایە، ئەو دوورترینی خەڵك بووە لێی.

بەڵام ئێستا ئەو بەناو شوێنکەوتووە گومڕابووانەی، کە خۆیان بە ئایینە جوانەکەی ئەو کەڵە پێغەمبەرە (دخ) هەڵواسیووە، تەواو پێچەوانەی ئەو ڕەفتار دەکەن، تەنانەت دژ بە سەرەتاییترین تێگەیشتن لە پرەنسیپەکانی شوێنکەوتوویی و دینداریش وەستاونەتەوە و، چی ناشیرینییە لە پەنا جوانییەکانی ئایین نمایشی دەکەن و، لە ئاست جوانییەکان ئێمەی کوردی موسڵماندا تۆقیوون!، بۆیەشە سەرلێشێواوتر لە جاران ئاکار و ئایدیا پووچەکەیان بەسەر هاونیشتیمانیانمان نمایش دەکەن!.'


بەڵام باش ئەو ڕاستییە بزانن، ئەی بیرڕەشە پاشخانپیسەکان، کە ئێوە بەو توندڕۆیی و دڕندایەتییە بێسنوورەتان، چەندە قێزەونتر و ناشیرینتر بن، بەڵێن بێت ئێمەش جوانتر و جوانتر بینەوە.

إرسال تعليق