Ads (728x90)

ڕیسواییەکی نوێی یانەی بەرشەلۆنە ئاشکرا بوو
“بۆیان کرێکتش” یەکێك لە دۆزەرەوەی بەهرەکان لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، لە میانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕادیۆی “کادینا سێر” دووپاتیکردەوە، “زۆبیزاریتا”ـی بەڕێوبەری تۆپی پێی بلۆگرانا، هۆکاری لەدەستدانی دەرفەتی پەلکێشکردنی سێ بەهرەمەندی گەورە بووە بۆ ناو ڕیزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە.

لە قسەکانیدا “بۆیان کرێکتش” دەڵێت، سێ یاریزانی بەهرەمەندی گەورە، هەریەك له بەرگریکاری ئێستای یانەی ڕیال مەدرید “ڕافائیل ڤاڕان”ـی فەڕەنسی و گۆڵپارێزی ئێستای یانەی چێلسی ئینگلیزی “تیبۆ کۆرتوا”ـی بەلجیکی و هێڕشبەری ئێستای یانەی ئەیاکسی هۆڵەندی “ڤیکتۆر فیشەر”ـی بەلجیکی، دەرفەتی پەیوەندیکردنیان هەبوو بە یانەی بەرشەلۆنەوە.

ناوبراو دووپات لەوەش دەکاتەوە، کە یانەی بلۆگرانا دەیتوانی بە بڕە پارەیەکی کەم، هەریەك لەو بەهرەمەندانە ڕابکێشێتە قەڵای “کامپنۆ”، بەڵام “زۆبیزاریتا” بە بیانووی نالۆژیکی، ڕەتیکردەوە ئەو ئەستێرانە لەگەڵ بەهرەمەندەکانی دیکەی بەرشەلۆنە بدرەوشێنەوە!.

شایەنی باسە، ئیدارەی ئێستای یانەی بەرشەلۆنە، بە دیاریکراویش “زۆبیزاریتا”ـی بەڕێوبەری تۆپی پێی یانەکە، ڕووبەڕووی ڕەخنە و فشاری زۆر بوونەتەوە، بەهۆی ئەنجامدانی گرێبەستەکانی ئەمدواییەی یانەکە و پاشەکشەی یانە کەتەلۆنییەکە لە هەردوو خولی ئیسپانی و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ پلەی دووەم ڕیزبەندییەکان.

إرسال تعليق