Ads (728x90)

دابونەریتی گەلانی جیهان لە جەژنی قوربان
سەرەڕای لەیەکچوونی دابونەریتەکانیان، بەڵام موسڵمانانی جیهان بە جیاوازی ڕەگەز و زمان و نەتەوەوە، خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن لە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی قوربان، ئەوەش ئەوە دەردەخات، کە هەموو ڕەنگ و دەنگ و پێکهاتە جیاوازەکان، بە جۆرەها جیاوازییەوە، لە سایەی بۆنە ئیسلامییەکاندا کۆ دەبنەوە.

لەو بابەتەماندا لە ماڵپەڕی قەڵەم پرێس، بەیەکەوە ئاشنای زانیارییەکی نوێ دەبین دەربارەی دابونەریتی گەلانی جیهان لە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز.

|| یاری ڕفاندنی مەڕ لە چین

یەکێك لە چینیەکان ئەسپەکەی تاو دەدات و بەوپەڕی خێرایی لەسەر پشتی ئەسپەکە بەرەو ئامانجەکەی ڕا دەکات، ئینجا لە چاوتروکانێکدا بەرانەکە هەڵدەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی لەسەر پشتی ئەسپەکەی بکەوێتە خوارەوە، دواتر هاوڕێکانی دیکەشی وەکو ئەو هەمان شت دووبارە دەکەنەوە و لەو پێشبڕکێیەدا بەشدار دەبن، کە یارییەکە کۆتاییهات، ناوی براوەکە ڕادەگەیەنرێت، کە لە کەمترین ماوەدا بەرانی قوربانی جەژنی لەسەر زەوی ڕفاند بێت.

|| ڕازاندنەوەی قوربانییەکان لە پاکستان

موسڵمانانی پاکستان خاوەن دابونەریتی تایبەتی جیاکەرەوەن لە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز، ئەویش ڕازاندنەوەی قوربانییەکانە بە مانگێك پێش ڕۆژی قوربانییەکە، هەروەکو لە ڕۆژانی دەیەی حاجیان بەڕۆژوو دەبن، لە گرنگترین خواردنەکانیشیان لە یەکەم ڕۆژی جەژن، گۆشتی قوربانییەکەیە، کە دەبێتە خواردنی سەر سینی سەرەکی لە ژەمە خواردنی نیوەڕۆیان لە هەر چوار ڕۆژەکەی جەژن، لە ڕۆژی جەژنیشدا شیرنەمەنی ناخۆن.

|| کێکی جەژن لە ئوردن

ئوردنییەکان دابونەریتێکی جیاوازیان بە میرات بۆ ماوەتەوە، کە بە درێژایی ڕۆژانی جەژن “کێکی جەژن” پێشکەشی مێوانانیان دەکەن، بەلایانەوە باشتریشە کێکەکە بە خۆیان لە ماڵەوە دروست بکەن، ئەندامانی ماڵەوەش کۆدەبنەوە بۆ خواردنی ئەوەی ژنی ماڵەوە دروستیکردووە و لەگەڵیشدا تەهلیل و تەکبیر لێدەدەن.

قەرز لە جۆرێکی تایبەت لە مەغریب

کەمێك پێش جەژنی قوربانی، کۆلاژ و لافیتەکانی ڕێکلام بە شەقامەکان هەڵدەواسرێن بۆ قەرز لە جۆرێکی تایبەت، کە خاوەن قەرزەکان قەرزەکانیان بە “فریودەر” وەسف دەکەن، کۆلاژ و لافیتەکانیش وێنەی بەرانیان هەڵگرتووە، بەوەی کۆمپانیاکانی ڕێکلام ڕکابەری یەکتر دەکەن لە نمایشکردنی وێنە جیاوازەکانی بەرانەکان بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵك، لەوانە: “مەڕێك بکڕە و پایسکلێکی کۆنی لەگەڵ وەربگرە”.

|| پێشکەشکردنی خواردن بە مردووان لە فەڵەستین

فەڵەستینیەکان ڕاهاتوون لە جەژنی قورباندا بچنە گۆڕستانەکان بۆ سەردانی مردووەکانیان و پێشکەشکردنی خواردن بۆیان، بەوەی سینی گۆشت و شیرنەمەنییەکان لە لێواری گۆڕستان جێدێڵن، پاشان نوێژیان بۆ دەکەن.

|| کل لە چاوکردنی قوربانییەکە لە لیبیا

پێش سەربڕینی مەڕوماڵات، ئافرەتی ماڵەکە هەڵدەستێت بە قەڵەمی ڕەش کل لە چاوەکانی قوربانییەکە دەدات، ، پاشان ئاگر دەکاتەوە و بخور دادەگیرسێنێت، ئینجا دەستدەکەن بە تەهلیل و تەکبیر لێدان، چونکە لیبییەکان بیروباوەڕیان وایە کە بەرانی قوربانییەکە، لە ڕۆژی دواییدا قوربانیکەرەکە لەسەر پشتی خۆی دەباتە بەهەشت، ئەوان پێشیانوایە قوربانییەکە دیارییە بۆ خوای گەورە، بۆیە دەبێت سەلامەت و بێ عەیب بێت، دەشبێت بەرانێکی جوان و بەهێز و بە قۆچ بێت.

|| زۆرانبازی بەرانەکان لە جەزائیر

بە ئامادەبوونی تەماشاکارێکی زۆر، جەزائیرییەکان هەڵدەستن بە ڕێکخستنی زۆرانبازی بۆ بەرانەکان پێش هاتنی ڕاستەوخۆی جەژن، ئەوەش بە کۆنترین دابونەریتەکانی جەزائیر دەژمێردرێت، بەرانە براوەکەی زۆرانبازییەکەش لە سەربڕین و کردنی بە قوربانی دەبەخشرێت.

|| سەردانی گەرماوە هەڵمییەکان لە یەمەن

لە یەمەن، گەورەی خێزان لەگەڵ منداڵەکانی سەردانی گەرماوە هەڵمییە میللییەکان دەکەن، ئەوەش پێش ڕۆژێك لە هاتنی جەژن، هەروەکو یەمەنییەکان پێش هاتنی جەژن هەڵدەستن بە نوێکردنەوە و بۆیەکردنەوەی خانووە کۆنەکان بۆ ئەوەی بە ڕووکارێکی شیاوتر و جوانتر دەربکەون، لە دوای نوێژی جەژنیش یەمەنییەکان دەچنە سەردانی نزیکەکانیان، پاشان بە چەکەوە دەچنە دەرەوەی ئاوەدانی بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فێری نیشانشکێنی دەکەن.

إرسال تعليق