Ads (728x90)

نهێنی بەختەوەری مرۆڤ لە دونیا و ئاخیرەتدا
زۆر سەرسوڕهێنەرە، ئەو پارچە گۆشتە بچووکەی جەستەی مرۆڤ، کە وێڕای بچووکی قەبارەکەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاری زۆر گەورە دەکات، لەوانەیە پەرتەوازەیی و دووبەرەکی دروستبکات، هەروەکو دەشتوانێت کۆکەرەوە و دروستکەری یەکڕیزی و تەبایی بێت، ڕەنگە هۆکاری خۆشبەختی یان بەدبەختی بێت، پێشدەچێت ببێتە هۆکاری زیادبوونی چاکەکان و بەرزبوونەوەی پلە و پایەکان، یانیش دەبێتە هۆکاری بەدەستهێنانی خراپەکان، بەڵکو مرۆڤ ڕەوانەی قووڵایی دۆڵەکانی دۆزەخ بکات، ئەو پارچە گۆشتە بچووکەش زمانە!.

بۆیە کاتێك مرۆڤ بە گوفتاری چاك ئەوانی دیکە دەدوێنێ و، وشە و دەستەواژەکان لە پارسەنگ دەدات و، تەنیا بە باشترین و بە سوودترینی وتەکان دێتەگۆ، زیکر و یادی خواش فەرامۆش ناکات، ئەوەیان دەبێتە هۆکاری سەرکەوتن و بەختەوەربوونی، چونکە زمانی خۆی پاراستووە لە ناشیرینکردن و باسکردنی کەموکوڕییەکانی خەڵك و لە شتە قەدەغەکراوەکان بەکاریناهێنێت، کە خوای گەورە هۆشداری پێداوین و ئامۆژگاریکردووین خۆمانیان لێ دوور بخەینەوە، ئەوەتا خوای کردگار لە قوڕئانی پیرۆز دەفەرمووێت:

“يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا اجْتَنِبُوا كَثِيراً مِنَ الظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ وَلَا تَجَسَّسُوا وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضاً أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتاً فَكَرِهْتُمُوهُ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ تَوَّابٌ رَحِيمٌ”

واتای ئایەتەکە: ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، خۆتان زۆر بپارێزن له‌گومانی خراپ، له‌ڕاستیدا هه‌ندێ له‌و گومانانه گوناهو تاوانن (بۆیه هەقوایه له‌ هه‌موو گومانێك خۆپارێزبین)، به‌شوێن که‌موکوڕیی و عه‌یب و عاری یه‌کتردا مه‌گه‌ڕێن و سیخوڕی مه‌که‌ن و له‌پاشمله‌ باسی یه‌کتری به‌خراپ مه‌که‌ن، ئایا که‌ستان پێیخۆشە گۆشتی برای خۆی به‌مردوویی بخوات..؟!، دیاره کاری واتان زۆر پێ سه‌خت و ناخۆشه‌، ده‌ی که‌واته‌ له‌خوا بترسن و پارێزگار بن، چونکه‌ به‌ڕاستی خوا گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی وه‌رده‌گرێت و میهره‌بانه بۆتان.

دووزمانی و غەیبەت دوو سیفەتی زۆر کوشندەن، کە کۆمەڵگاکان پەرت و بڵاو دەکەن، وەکو چۆن ئاگر بەر ببێتە پووش و گیا، ئەو دوو سیفەتە دڵەکان پڕ دەکەن لە ڕق ق کینە و دووبەرەکی، کە خوای گەورە ئامۆژگاری کردووین خۆمانیان لێ بە دوور بگرین، هەر تەواو بە پێچەوانەوە، خوای گەورە فەرمانی پێکردووین، لە هەموو بوارەکاندا بە باشترین و بە سوودترینی وتەکان قسە بکەین، چونکە دەبنە هۆی ئەوەی زیاتر وەربگیرێن و وەڵام بدرێنەوە، نزیکترین نموونەش بۆ ئەوە، کاتێك خوای گەورە موسا و هاڕونی (سەلامی خوایان لەسەربێت) ڕەوانەی لای فیرعەونی ملهوڕ و لووتبەرز کرد تا بانگهێشتی بکەن بۆ لای ئایینی خوا، فەرمانی پێکردن بە وتەی نەرم بیدوێنن.

کە وابێ، بۆچی موسڵمان پابەند نابێ بە وتەی نەرم و وازهێنان لەو شتانەی پەیوەندیان نییە بەوەوە تا ڕەزامەندی خوای تەعالا بەدەستبێنێت و بە چوونە بەهەشت سەرفراز و سەربڵند بێت؟!.

ن/ سەرنووسەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق