Ads (728x90)

ساڵی نوێی کۆچی 1436ـتان پیرۆز
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کۆچی 1436، ماڵپەڕی قەڵەم پرێس گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تێکڕای موسڵمانان دەکات لە هەموو جیهان و عێڕاق و ناوچەکە بە گشتی و، موسڵمانانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی.

ئەو یادەوەرییە گرنگی هەمەلایەنەی هەیە لە مێژووی ئیسلام و، ژیانی هەڵگری مەشخەڵی پەیامە زیندووەکەی، بەوەی وێنای ئەو بیرەوەرییە مەزنە دەکات، کە وەرچەرخانێکی بێوێنەی لە تەواوی هاوکێشەکانی ژیانی مرۆڤایەتی دروستکرد و، تەکانێکی گەورەی دایە ڕەوتی گەیاندنی پەیامی ئاشتیانەی حەزرەتی موحەممەد (دخ) بۆ ڕێنموونیکردنی گرۆی مرۆڤایەتی بەرەو ڕێگەی ڕاست.

هیجرەت دەستپێکێکی گەورە بوو بۆ تێکشکاندنی هەموو بەربەستە سەختەکان، کە ڕێگربوون لە بەردەم ئاشنابوونی مرۆڤایەتی بە ڕۆشنایی و بەرچاوڕوونی، کە هێما بوون بۆ ڕزگاربوون لە تاریکایی و کۆیلایەتی و بێچارەیی، کە ئەقڵتاریکەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد و تێدەکۆشان لە پێناو مانەوەی مرۆڤایەتی لەو دۆخە تەنگەژەئامێزانەی، کە ئاستەنگی گەورە بوون لە بەردەم پێشکەوتن و شارستانیەت و کراوەیی و بەدیهاتنی خۆشبەختی بۆ مرۆڤ.

بە پوختی، یادەوەری هیجرەت وێنای هەموو ئەو بەها و واتا بەرزانە دەکات، کە مرۆڤایەتی لە سایەی ئاشنابوون بە ئایینی ئیسلام و کەسایەتی ڕێبەرەکەی، بەدەستیهێنا، ئێستاش و تا ئەبەد ئەو یادەورییە، ساڵانە بە بەرزی پێشوازی لێدەکرێت و یاد دەکرێتەوە، ئەمساڵیش موسڵمانان بە دڵێکی تینوو بۆ میهرەبانی پەروەردگار، کە ناڕەحەتییەکانیان بڕەوێنێتەوە، لە پێشوازی بیرەوەری هیجرەتدان.

داواکارین لە خوای کردگار، کە هاتنەوەی ئەو بۆنە پیرۆزە، بکاتە دەستپێکی کۆتاییهاتنی مەینەتییەکانی هەموو مرۆڤایەتی بە گشتی و، ناخۆشییەکان و کێشە و قەیرانەکانی موسڵمانانی جیهانی ئیسلامی بە تایبەتی، بە تایبەتتریش خوازیارین و دەپاڕێینەوە لە پەروەردگار، کە هەرێمی کوردستان و هاونیشتیمانیانمان لە کۆبانێ و شەنگال و جەلەولا و سەعدیە و مەخمور و دووزخورماتوو و هەموو بەرەکانی جەنگ، لە مەترسییەکان و هێڕشەکانی چەتە وەحشییەکانی داعشی لە دین دەرچوو و هاوبیرەکانیان بپارێزێت و، هێمنی و سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی و تەبایی و برایەتی، بکاتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو کوردان لە چوارچێوەی کوردستانی گەورە.

ماڵپەڕی قەڵەم پرێس/ هەولێر ـ هەرێمی کوردستان .. 23/10/2014

إرسال تعليق