Ads (728x90)

ئەو 10 زانیارییە سەیرەی جەستەی خۆت بزانە
جەستەی مرۆڤ چەندین شتی سەرسوڕهێنەری تێدایە، کە لەوانەیە زۆربەمان ئاگاداریان نەبین و زانیاریمان لەسەریان نەبێت، لە کاتێکدا ئەو شتانە زۆر گرنگن لە ژیانی مرۆڤ و پێویستە بیانزانین و بایەخیشیان پێبدەین.

لەو ڕووەوە، ماڵپەڕی “Le journal des femmes”ـی فەڕەنسی، بابەتێکی گرنگی بڵاوکردووەتەوە و ، 10 شتی سەیری لەسەر جەستەی مرۆڤ خستۆتەڕوو، کە مرۆڤ نایانزانێت، ئێمەش لە ماڵپەڕی قەڵەم پرێس بە پێویستمانزانی ئێوەی بەڕێزیش لەو زانیارییە گرنگە سوودمەند ببن.

ئەو زانیارییانە زۆر گرنگن و پێویستن، بێگومانیش مرۆڤ کاتێك پێیان ئاشنا دەبێت، دۆشداماو دەبێت و سەرسوڕمانییەکی قووڵ دەیگرێت، بەو هیوایە ئەو بابەتە گرنگە کاریگەری ئیجابیتان لە ناخدا جێبێڵێت و ببێتە هاندەرێکی گەورە بۆ شوکرانەبژێری خوای گەورە.

|| ڕیخۆڵە باریکەکانی مرۆڤ گەورەترن لە یاریگای تێنس

ڕیخۆڵە باریکەکان ڕووبەرێکی گەورەیان لە سکی مرۆڤ گرتووە و، بە بەشێکی گرنگ لە کۆئەندامی هەرسکردن دادەنرێن، درێژییەکەشیان دەگاتە 6 بۆ 7 مەتر، بەڵام بۆ ئەوەی هەندێك ئاو و خواردەمەنی بمژن و هەڵبگرن، شێوەی پێچاوپێچ و چەمینەوە وەردەگرن، ئەگەریش بمانەوێت درێژی ڕیخۆڵە باریکەکانی مرۆڤ بە بەرینی وەربگرین، یاریگایەکی تێنسمان دەستدەکەوێت!.

|| زمان بەهێزترین ئەندامی جەستەی مرۆڤە

زمان ئەندامێکی بچووکە بەڵام بەهێزە، بەڵکو بەهێزترین ئەندامی جەستەی مرۆڤە (بە ڕەهایی)، زمان ئەندامێکە هەردوو کرداری قسەکردن و هەرسکردن جێبەجێ دەکات، جینەکانیشی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن.

|| لە هەر کاتژمێرێکدا، مرۆڤ لە 600.000 هەزار بەشۆکەی پێست ڕزگاری دەبێت

لە یەك کاتژمێردا، 600.000 هەزار بەشۆکەی پێست لە جەستەی مرۆڤ دەکەون، بۆیە ئەگەر ئەو کردارە هەژمار بکەین، بەشۆکەکان دەکەونە سەر جێگا و جلوبەرگ، کە بەهۆیەوە  ساڵانە مرۆڤ 750 گرام لە پێستی لەدەستدەدات.

|| سی چەپ بچووکترە لە سی ڕاست

بەهۆی ئەوەی دڵ دەکەوێتە بەشی چەپی لای سینگ، دەبینین سی چەپ بچووکترە لە سی ڕاست، بێجگە لەوەش، لە هەر خولەکێکدا  مرۆڤ بەهۆی هەناسەدانەوە، نزیکەی 6 لیتر هەوا بەکاردەهێنێت.

|| لەدەستدانی 10 هەزار خانەدەمار لە هەر ڕۆژێکدا لە دوای تەمەنی 20 ساڵییەوە

مرۆڤ بە تەنها 10 هەزار خانەدەمار لە هەر ڕۆژێکدا لە دوای تەمەنی 20 ساڵییەوە لەدەستنادات، بەڵکو چەندە بکەوێتە ناو تەمەنەوە، خانەدەماری زیاتر لەدەستدەدات، بۆ زانینیش مێشکی مرۆڤ 14 ملیار خانەدەمار لەخۆدەگرێت (لە هەندێك سەرچاوەدا 100 ملیار خانەدەمار).

|| ڕۆژانە مرۆڤ 5000 هەزار هەنگاو دەڕوات

زانراوە، کە ڕۆیشتن چالاکییەکی جەستەیی باشە بۆ تەندروستی مرۆڤ، بۆیە بە نیسبەت کەسێك کە هیچ چالاکییەکی جەستەیی دیکە نەبێت بێجگە لە ڕۆیشتن، گریمانەکان پێمان دەڵێن، ڕۆژانە 5000 هەزار هەنگاو دەڕوات.

|| ژنان بە خێرایی زیاتر لە پیاوان هەناسە دەدەن

ژنان بە خێرایی زیاتر لە پیاوان هەناسە دەدەن، جەستەی پیاوانیش ڕێژەی 60 بۆ 70 لە سەدا ئاو لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا جەستەی ژنان ڕێژەی تەنها 55 بۆ 65 لە سەدا ئاو لەخۆدەگرێت، تەنانەت ڕێژەی چەوریش لە جەستەی هەردوو ڕەگەزەکە جیاوازە، بەوەی جەستەی ئافرەت ڕێژەیەکی بەرزتر لە چەوری لەخۆدەگرێت.

|| مرۆڤ یەك لەسەر سێی تەمەنی دەخەوێت

مرۆڤ نزیکەی 25 ساڵ لە ژیانی دەخەوێت، زانراویشە کە نووستن پارێزگاری لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی مرۆڤ دەکات، لە کاتێکدا کەمی نووستن دەبێتە هۆی درووستبوونی چەندین گرفت و شڵەژان.

|| لەگەڵ پێشکەوتنی تەمەن، ژمارەی ئێسکەکانی مرۆڤیش کەم دەبنەوە

لەو کاتەی مرۆڤ لەدایك دەبێت، جەستەی مرۆڤ 350 ئێسك لەخۆدەگرێت، بەڵام لە قۆناغی گەشەکردن یەکدەگرنەوە، بەڵام لە تەمەنی باڵقبووندا ژمارەی ئێسکەکانی جەستەی مرۆڤ دەبێتە 206 ئێسك، حەوزی مرۆڤیش، کە بە گەورەترین ئێسکی جەستەی مرۆڤ دادەنرێت، لە کاتی لەدایکبووندا 6 ئێسك لەخۆدەگرێت.

|| ساڵانە مرۆڤ 500 کیلۆگرام خواردن دەخوات

مرۆڤ لە هەر ساڵێکدا 500 کیلۆگرام خواردن دەخوات، هەروەکو ڕۆژانە یەك لیتر و نیو لیکە بەرهەم دەهێنێت، گەدەی مرۆڤی باڵقبووش بەرگەی یەك لیتر و نیو خواردەمەنی دەگرێت.

إرسال تعليق