Ads (728x90)

من شەرم لە خوا دەکەم بە زەردەخەنەوە بمبینێ!
خەلیفەی موسڵمانان لە میسر، نامەیەکی بۆ “نورەدین زەنکی” نارد و داوای بەهاناوچوونی لێدەکرد بۆ پاراستنی میسر و شەڕەفی ژنانی موسڵمان لەوێ، لەگەڵ وەفدەکەش چەند مووێکی قژی ژنانی نارد تا غیرەتی بورووژێنێت، ئەوە بوو “سوڵتان نورەدین زەنکی” سێ هەڵمەتی کۆمەك و هاریکاری و پێداویستی بۆ نارد، سەرکردەی مەزنیش “سەڵاحەدینی ئەیوبی” لەگەڵ هەر سێکیان دابوو.

لە دوا هەڵمەتدا، “سوڵتان نورەدین زەنکی” بڕیاریدا خەمی موسڵمانان لە میسر بگرێتە ئەستۆ، بۆیەش “سەڵاحەدینی ئەیوبی” کردە جێگری خۆی لە فەرمانڕەوایەتیدا لەوێ، خاچپەرستەکانیش هێزەکانیان لە کەناراوەکانی میسرد دابەزاند و پێشڕەویان کرد و شاری “دیمیات”ـیان لە باکوری قاهیرە گەمارۆدا، گەمارۆدانەکە درێژەی کێشا و موسڵمانانی تووشی ناڕەحەتی و ئاستەنگی گەلێك زۆر کردەوە، هەواڵی گەمارۆدانەکەش یەك دوای یەك دەگەیشتنە “نورەدین زەنکی” لە دیمەشق، بۆیە دڵی لەت لەت دەبوو بەهۆی ئازارچەشتن لەبەر موسڵمانانی ئەوێ!.

مانگی ڕەمەزانی پیرۆز هات، “سوڵتان نورەدین زەنکی”ـیش عادەتی وابوو، هەموو عەسران دەچووە مزگەوتی “ئەلئومەوی”، لەوێ نوێژی دەکرد و گوێی لە زانایان دەگرت کە فەرموودەکانی پێغەمبەریان (دخ) دەگێڕایەوە، وا ڕێککەوت ڕۆژێکیان لە دوای نوێژ، یەکێك لە زاناکان چەند فەرموودەیەکی پێغەمبەری (دخ) گێڕایەوە لەسەر فەزڵ و چاکەی زەردەخەنە، ئەو فەرموودانەی بە زەردەخەنەوە وتوونی، موسڵمانانیش بە زەردەخەنەوە فەرموودەکانیان وەردەگرت، هەر کاتێکیش زاناکە فەرموودەیەکی خوێندبایەوە، خۆی و موسڵمانانی مزگەوتیش بە زەردەخەنەوە دەردەکەوتن، بەڵام “سوڵتان نورەدین زەنکی” بە خەمباری و پەستی دەردەکەوت..!، بۆیە زاناکە پێیوت: گەورەم، فەرموودەکانی پێغەمبەر (دخ) بە زەردەخەنەوە دەخوێنمەوە کە لەسەر فەزڵ و چاکەی زەردەخەنەن و خەڵکیش بە زەردەخەنەوە پێشوازی لێدەکەن، بەڵام تۆ زەردەخەنەت لێ نابینرێت و بە خەمباری و پەستی دەردەکەوی؟!.

“سوڵتان نورەدین زەنکی” وەڵامی دایەوە: من شەرم لە خوا دەکەم بە زەردەخەنەوە بمبینێ، لە کاتێکدا خاچپەرستەکان گەمارۆی موسڵمانانیان داوە!.

هەروەها عادەتی “سوڵتان نورەدین زەنکی” وا بوو، بەیانیان بە زوویی، کەمێك پێش بانگی بەیانی، دەچووە مزگەوتی “ئەلئومەوی”، قوڕئانی دەخوێندەوە و نوێژی دەکرد تا بەرەبەیان بەدیار دەکەوت، بەرەبەیانێکیان ئەو زانایەی بینی کە فەرموودەکانی پێغەمبەری (دخ) دەگێڕایەوە لەسەر فەزڵ و چاکەی زەردەخەنە، سوڵتان هاتە سەر ڕێگەی زاناکە و پرسیاری لێکرد: حاڵ و وەزعت چۆنە؟!، زاناکە وەڵامی دایەوە: پێغەمبەرم (دخ) لە خەودا بینی و پێیوتم: موژدە بدە نوردەین، کە خوای گەورە دەرگای خێر و خۆشی لەسەر موسڵمانانی شاری “دیمیات” کردەوە و گەمارۆی خاچپەرستەکانی لەسەر لابردن..!، زاناکە دەڵێت: منیش وتم ئەی گەورەم ئەی پێغەمبەری خودا، نیشانەیەکم پێ بڵێ تا بۆ “سوڵتان نورەدین زەنکی”ـی باس بکەم و ئەگەر موژدەم پێدا باوەڕم پێبکات..، زاناکە دەڵێ، پێغەمبەر (دخ) پێیوتم: بە نیشانەی ئەوەی کڕنووشت نەبردووە لەسەر “تل حارم”، ئەو سوجدەیەش چیرۆکێکی تایبەت بە “سوڵتان نورەدین زەنکی” هەبوو.

“سوڵتان نورەدین زەنکی” یەکسەر لە ئەسپەکەی دابەزی و سوجدەی برد و دەموچاوی خۆی لەناو خۆڵ وەرێنا و وتی: خوایە دینی خۆت سەربخە، نوردەین سەرمەخە.

إرسال تعليق