هاوزەمان لەگەڵ هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزی ئەمساڵ، ئەوجارەیان هاونیشتیمانیانمان جیاواز لە جەژنەکانی ڕابردوو، لەبری جەژنانە، هاوسۆزی و هاوخەمی بۆ قوربانیانی جەژن دەردەبڕن، ئەوانەی بەهۆی ڕووداوە کارەساتبارەکانی ئەمدواییەوە، دووچاری جۆرەها ناجۆری ئەو هەلومەرجە نەخوازراوانە بوونەتەوە، کە بەرۆکی قەوارەکەمانی گرتووە و، ڕۆڵەکانی لەو جەژنەدا، ئاخ هەڵئەکێشن و لە ناخەوە دەهەژێن.
دەربەدەری و دابڕان لە زێدی باب و باپیران و چەشتنی دەردەسەرییەکان و لەدەستدانی خۆشەویستان و ئازیزان، بوونەتە دیارترین دیمەنەکانی پێش چاوی هاوڵاتیانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە بەهۆی دۆخی شڵەژاو و گڕگرتووی شارەکانی شەنگال و کەرکوك و زوممار و جەلەولا و مەخمور و کۆبانێ و عەفرین و شارە ئازیزەکانی دیکەی خۆرئاوا، جۆرەها ناڕەحەتی ڕووی تێکردووین، کە لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئەو کارەساتە قوربانیئامێزانەوە، هەموو کوردێکی ڕەسەن، بە گرفتاربوونی بە پێشبینیکردنی سەرەنجامی نەخوازراو و ناخۆش، بووەتە قوربانی ڕاستەقینەی ئەو جەژنە و، لە خۆشییەکانی جەژن و دەربڕینی جەژنانە بێبەشبووە.
هەموو خانەوادەیەکی کوردستانەکەمان، تاکێك یان خۆشەویستێك و کەسێکی ئازیزی پێشمەرگەیە و لە بەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردنە لە خاك و نیشتیمان، بۆیەشە ئەو جەژنەمان لەبری جەژنانە، ئازارێکی بە سوێی ناو دڵانە، لەبری خۆشی و شادی، پەرێشانی و پەژارە مێوانمانە، ئەوە بێجگە لە ئاستەنگەکانی دیکەی ژیان، کە بوونەتە لەمپەر لە بەردەم دڵخۆشی و هەستکردنمان بە ئاسوودەیی و ئۆقرەیی.
نووسینی/ سەرنووسەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس
إرسال تعليق