Ads (728x90)

فەتوایەکی نوێ دەربارەی نواندنی جووڵەکانی نوێژ
ئەمیندارێتی گشتی خانەی فەتوای میسری، فەتوایەکی تازەی دەرکرد، کە تایبەتە بە نواندنی جووڵەکانی نوێژ لە دراما و کارە هونەرییەکان.

لە ناوەڕۆکی فەتواکەدا هاتووە، ئەگەر ئەکتەرێکی هونەری هەڵسا بە نواندنی جووڵەکانی نوێژ لە دراما و کارە هونەرییەکانییدا، لە هەقیقەتیشدا مەبەستی نوێژکردن نەبوو، بەڵکو تەنها بۆ کاری نواندن بوو، ئەوا ئەکتەرەکە گوناهبار دەبێت.

فەتواکە ئاماژەی بەوەش کرردووە، کە نواندنی جووڵەکانی نوێژ لە دراما و کارەکانی نواندندا خشوعیان تێدا نییە، کە لە هەقیقەتیشدا دەبێت ئەو خشوعە هەبێت، بۆیە ئەمەش بە تاوان بۆ ئەکتەر و هونەرمەندەکە هەژمار دەکرێت کە پێی هەڵدەستێت، چونکە ئیسلام ئایینێکی واقیعییە و لەسەر مەرج و بنەما جێگیرەکان دەوەستێت و، مەرجیشە لە پەرستشەکاندا خشوع و دڵسۆزی هەبێت.

سەبارەت بەو ئەکتەرەش کە هەڵدەستێت بە نواندنی جووڵەکانی نوێژ لە دراما و کارە هونەرییەکانییدا و لە هەقیقەتیشدا نوێژ ناکات، ئەمەیان بە سووکایەتی هەژماردەکرێت و، ئەوەی ئەو کارە بکات بە دەرچوو لە بەها ئایینی و ڕەوشتییەکان دادەنرێت، چونکە بەو کارەی هەڵساوە بە گاڵتەکردن لە پەرستشەکاندا کە خودای پەروەردگار لەسەر موسڵمانان فەڕزیکردوون، بە تایبەت کە ئەو پەرستشانە کاریگەری دروستدەکەن لەسەر بیروباوەڕی مرۆڤ و گرتنەبەری ڕێگەی ڕاست.

شایەنی باسە، ئەو فەتوایە بە یەکەمین فەتوا لە سەردەمی موفتی نوێی میسر دەژمێردرێت، کە بەمدواییانە لەڕێی هەڵبژاردنەوە بە موفتی میسر دیاریکرا.

إرسال تعليق