لە ئەبو هوڕەیرە (خوای لێ ڕازی بێت) گێڕدراوەتەوە، کە پێغەمبەری خۆشەویستمان حەزرەتی موحەممەد (دروودی خوای لەسەربێت) فەرموویەتی: ((إِذَا ضَرَبَ أَحَدُكُمْ فَلْيَتَجَنَّبِ الْوَجْهَ)) واتە: لە کاتی لێداندا، خۆتان بە دوور بگرن لە لێدانی دەم و چاو.
ئەو فەرموودەیە ئیعجازێکی گەورە لەخۆدەگرێت، کە دووپات لە ڕاستی پەیامی پێغەمبەرێتییەکەی دەکاتەوە، چونکە زانایان سەلماندوویانە، کە لێدانی دەم و چاو مەترسییەکی گەورەیە، لەوەش سەرسوڕهێنەرتر ئەوەیە، کە دەبینین حەزرەتی موحەممەد (دروودی خوای لەسەربێت) بە توندی ئەو هەڵسوکەوتە ڕەتدەکاتەوە.
لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستییدا، توێژەرە ئەمریکییەکان دووپات لەوە دەکەنەوە، کە لێدانی دەم و چاو پێدەچێت ببێتە هۆی پەیداکردنی نەخۆشی ترسناك لە کەسە لێدراوەکە وەکو نەخۆشی زەهایمەر و نەخۆشییە دەمارییەکان کە سەرەنجام ئەرکەکانی مێشك پەکدەخات.
لە ئەنجامی چاودێریکردنی پرۆسەی توێکاری لاشەی (12) وەرزشوان کە لە ئەنجامی نەخۆشییەکانی مێشك و نەخۆشییە دەمارییەکان مردبوون، شێوەی ڕوون و ئاشکرای ئەو زیانەی دەرخست کە لە ئەنجامی لێدانەوە بەر کۆئەندامی دەماریان کەوتووە.
لەوبارەیەوە، (دکتۆرە ئان مەکیی) لە کۆلیژی پزیشکیی لە زانکۆی (بۆستن) لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: بەرەنجامی ئەو کارەی توێژەرەکان، یەکەم بەڵگەی نەخۆشیناسییە لەسەر ئەوەی، کە لێدانە دووبارەبووەکان لە سەردا کە لە یارییە وەرزشییەکانی وەکو مشتەکۆڵە و زۆرانبازیدا ڕوودەدەن، پێدەچێت ببێتە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشییەك لەو شوێنە هەستیارەی جەستەدا.
شایەنی باسە، لە سەردەمی نەفامێتیدا لێدانی سەر و دەم و چاو شتێکی بەربڵاو بوو و، بە شتێکی ئاسایی دەژمێردرا، کاتێك پیاو خزمەتکار و کۆیلەکانی بە لێدانی سەر و دەم و چاو سزا دەدا، بەڵام پێغەمبەری میهرەبان ئەو هەڵسوکەوتەی ڕەتکردەوە و بە توندی لە دژی وەستایەوە.
إرسال تعليق