Ads (728x90)

دیاردەی ده‌جاله‌كه‌ی سه‌رده‌می پێغەمبەری سەروەر
له‌ ساڵانی (6 – 7) كۆچی له‌ مه‌دینه‌ی پیرۆزدا، مێردمنداڵێكی تازه‌پێگه‌یشتووی جووله‌كه‌ هه‌بوو بەناوی (إبن الصيّاد) (له‌ ته‌مه‌نی13 -  14 ساڵییدا بوو)، له‌و ده‌مانه‌دا هاوڕێیانی پێغه‌مبه‌ر (دخ) زۆر گوێبیستی پێغه‌مبه‌ر بووبوون ده‌رباره‌ی (ده‌جال)، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، كه‌ هه‌موو سیفه‌ت و خه‌سڵه‌ته‌كانییان ده‌ناسییه‌وه‌.

هاوڕێیان منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌یان ده‌بینی، كه‌ قسه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری ده‌كرد، كه‌ زۆر له‌ ئاستی خۆی گه‌وره‌تر بوون (بۆ نموونه‌: شتی زۆر سه‌یری باسده‌كرد، باسی جنۆكه‌ و فریشته‌ و فریشته‌ نزیكه‌كانی ده‌كرد، هتد..)، له‌وه‌ش سه‌یرتر، منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌ كوێر بوو، كاتێكیش ده‌نووست وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت، كه‌ وه‌كو بڵێی قسه‌ له‌گه‌ڵ قه‌ومه‌كه‌ی ده‌كات.

جووله‌كه‌كانیش موسڵمانانیان به‌و منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌ ده‌ترساند و ده‌یانووت: ئه‌و ده‌جاله‌ی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌تان باسی ده‌كات ئه‌و منداڵه‌یه‌، هاوڕێیانی پێغه‌مبه‌ریش (دخ) تووشی دڵه‌ڕاوكێ و ڕاچڵه‌كین و هه‌ژان هاتن، ته‌نانه‌ت ترسان له‌ هه‌مبه‌ر دیارده‌ی ئه‌و منداڵه‌ و كه‌وتنه‌ گومانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و منداڵه‌ ده‌جال بێت (چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر ده‌رباره‌ی ده‌جال فه‌رموو بووی: ده‌جال له‌ناو جووه‌كان هه‌ڵده‌كه‌وێت و حه‌فتا هه‌زار جووله‌كه‌ به‌دوای ده‌كه‌ون)، بۆیه‌ هاوڕێیان چوونه‌ لای پێغه‌مبه‌ر (دخ) بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاوڕوونی و ئامۆژگارییان پێبدات له‌و ڕووه‌وه‌.

پێغه‌مبه‌ر (دخ) به‌ هاوڕێیه‌تی عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب (خوای لێ ڕازی بێت) و ژماره‌یه‌ك هاوڕێی تر به‌ڕێكه‌وتن به‌ره‌و لای منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیبینن و له‌ نزیكه‌وه‌ لێی تێبگه‌ن.. گه‌یشتنه‌ لای منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌، ته‌ماشایان كرد له‌ شوێنێك به‌ناوی ـ  أُطُمِ بَنِی مَغَالَه‌َ ـ (به‌رزاییه‌كه‌ له‌ مه‌دینه‌) له‌گه‌ڵ منداڵان یاری ده‌كات، پێغه‌مبه‌ر (دخ) به‌ شێوه‌یه‌كی كتوپڕ (كه‌ منداڵه‌كه‌ ئاگای لێنه‌بوو و هه‌ستی پێنه‌كرد) ده‌ستی له‌سه‌ر شانی منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌ دانا و پێیوت: شایه‌تی ده‌ده‌یت كه‌ من پێغه‌مبه‌ری خودام؟، منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌ له‌ وه‌ڵامدا وتی: من شایه‌تی ده‌ده‌م كه‌ تۆ پێغه‌مبه‌ری نه‌خوێنده‌وارانی!! واته‌ به‌ زمانی زیره‌كه‌كان و سه‌رداران (هاوشێوه‌ی پێغه‌مبه‌ر عیسا سڵاوی خوای له‌سه‌ربێت)، ئینجا منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ری ووت: تۆ شایه‌تی ده‌ده‌یت كه‌ من پێغه‌مبه‌ری خودام؟!، پێغه‌مبه‌ر (دخ) ڕه‌تیكرده‌وه‌ وه‌ڵامی بداته‌وه‌.. ئینجا پێغه‌مبه‌ر (دخ) پێی فه‌رموو: تۆ چ ده‌بینی و چی له‌باره‌ی جیهانی نادیاری ده‌زانیت؟!، منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌ وتی: ڕاستگۆ و درۆزن دێنه‌ لام (واته‌: فریشتەی ڕاستگۆ و شەیتانی دروۆزن دێنە لام)، پێغه‌مبه‌ر (دخ) پێی فه‌رموو: تۆ شته‌كانت لێ تێكه‌ڵ كراوه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ پیشانت ده‌درێن.

پێغه‌مبه‌ر (دخ) ویستی ئه‌و منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌ تاقیبكاته‌وه‌ (بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هاوڕێیانی بسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌وه‌ شتێكی باتڵه‌)، له‌و كاته‌ی پێغه‌مبه‌ر (دخ) له‌ ڕێگه‌دابوو به‌ره‌و لای ئه‌و منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌، فریشتەی سروش (جوبڕائیل) له‌ شێوه‌ی دووكه‌ڵ دابه‌زی و هاته‌ لای پێغه‌مبه‌ر (دخ)، پێغه‌مبه‌ر (دخ) بە منداڵەکەی فه‌رموو: من شتێكم لێت شاردۆته‌وه‌ (مه‌به‌ستی ڕووداوی دابه‌زینه‌كه‌ی جوبڕائیل بوو له‌ شێوه‌ی دووكه‌ڵ)، پێم بڵێ ئه‌و شته‌ چییه‌؟، منداڵه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كه‌ وتی: (دُخْ) واته‌: دووكه‌ڵ!!، پێغه‌مبه‌ر (دخ) پێی فه‌رموو: ڕیسوا به‌، شه‌یتان لێی شێواندووی، چونكه‌ ئه‌و شته‌ دووكه‌ڵ بوو (مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ شه‌یتان ئیلهامی دایێ و نیو وشه‌ی پێووت)، بۆیه‌ تۆ له‌ ئه‌ندازه‌ و پایه‌ی خۆت تێناپه‌ڕیت، چونكه‌ زانیارییه‌كانت هه‌ڵه‌ن و له‌ وه‌حییه‌وه‌ نین، ئیلهامیش نین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر قسه‌كانی وه‌حی بوونایه‌، ده‌بوایه‌ له‌ وه‌ڵامی پێغه‌مبه‌ردا وتبای (دخان) واته‌ وشه‌كه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی بگوتبایه‌ نه‌وه‌كو به‌ نیوه‌یی، هه‌روه‌كو قسه‌ و وه‌ڵامه‌كانی له‌خۆیه‌وه‌ نه‌ده‌ووت چونكه‌ هێنده‌ به‌هره‌مه‌ند نه‌بوو، به‌ڵكو شه‌یتان نیوه‌ی وه‌ڵامه‌كانی ده‌دایێ.
لێره‌دا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب (خوای لێ ڕازی بێت) وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا، ڕێگه‌م بده‌ ملی په‌ل بده‌م، پێغه‌مبه‌ر (دخ) پێی فه‌رموو: ئه‌ی عومه‌ر، ئه‌گه‌ر ئه‌و منداڵه‌ ده‌جال بێت، تۆ ناتوانی له‌ناوی ببه‌یت و هێزی كوشتن و مل په‌لدانی ئه‌وت نییه‌ (چونكه‌ ته‌نها عیسا پێغه‌مبه‌ر ـ سڵاوی خوای له‌سه‌ربێت ـ ده‌توانێت له‌ناوی ببات و بیكوژێت)، ئه‌گه‌ریش ده‌جاڵ بێت، هیچ چاكه‌یه‌كت ده‌ستناكه‌وێت.

إرسال تعليق