Ads (728x90)

تیروپشکی چامپیۆنسلیگ بۆ ڕیاڵ و بارسا پێدەکەنێت
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 15 / 3 / 2013 (بە کاتی هەرێمی کوردستان)، تیروپشکی قۆناغی داهاتووی (چارەگی کۆتایی) خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ تۆپی پێ ڕاکێشرا.
پرۆسەی تیروپشکەکە، کە لەشاری (نیۆن) ی سویسری بەڕێوەچوو، هەردوو جەمسەرەکەی تۆپی پێی جیهان (ڕیاڵ و بەرشەلۆنە) ی لە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتر بە دوورگرت، کە چاوەڕێ دەکرا لە کلاسیکۆیەکی ئەوروپییدا بە یەکبگەن، لە کاتێکدا تیروپشکەکە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاگرینی لە نێوان یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لێکەوتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت ڕووبەڕووبوونەوەکە بەهێز و چێژبەخش بێت و هەمووان یارییەکی پڕ گڕوتین ببینین.
هەر لە تیروپشکەکەدا، بەریەککەوتنی یانەی برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و یانەی مەلەگەی ئیسپانی لێکەوتەوە، کە هەردوو یانەکە ئاستێکی بەرزیان لە قۆناغەکانی ڕابردوودا پێشکەشکردووە و بە شایستەیی گەیشتوونەتە ئەو وێستگەیەی پاڵەوانێتییەکە، بەڵکو لە ئێستادا هەردووکیان بە ڕێڕەوێکی دروستدا دەڕۆن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ڕووبەڕووبوونەوەکە دژوار و سەخت بێت بۆ هەردوو یانەکە.
شایەنی باسەی بەریەککەوتنی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و یانەی گەڵاتەسەرای تورکی لە لایەك و، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی لە لایەکی ترەوە، ئەوەی دەرخست، کە هەردوو هەردوو جەمسەرەکەی تۆپی پێی جیهان (ڕیاڵ و بەرشەلۆنە) سوودمەندی یەکەمی ئەو تریوپشکەبوون، چونکە ئاستی یانەکانی بەرامبەریان بە بەراورد لەگەڵ ئاستی هەردوو زەبەلاحەکەی ئیسپانیا و جیهان، ئاستێکی بەرز نییە، بۆیە ئەگەری شکستهێنانیان بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو، ئەگەرێکی زۆر لاوازە.
بەریەککەوتنی یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵیش گرینگترین ڕووبەڕووبوونەی ئەو قۆناغەی چامپیۆنسلیگە و، هەمووان چاوەڕێی ساتەوەختی ئەنجامدانی یارییەکە و ناسینی یانە سەرکەوتووەکەن بۆ قۆناغی داهاتوو.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، کە سەرەڕای ئەوەی هەردوو یانەی ڕیاڵ و بەرشەلۆنە لە ئەنجامدانی یاری کلاسیکۆی پاڵەوانەکان لەو قۆناغەدا دەربازیان بوو، بەڵام ئەگەرەکانی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە لە قۆناغی نیوەی کۆتایی یان لە یاری کۆتایی زۆر بەهێزن.
شایەنی باسە یارییەکانی چوون لە بەرواری 1 - 2 / 4 / 2013 بەڕێوەدەچن.
ئامادەکردن/ دانا ڕواندزی سەرپەرشتیاری بەشی وەرزشی سایتی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق