Ads (728x90)

شکستە تازەکەی کلاسیکۆ، قەیرانی بلۆگرانا قووڵتر دەکاتەوە (نوێکراوەتەوە)
کەمێك لەمەوبەر، کلاسیکۆی ڕیاڵ - باڕسا لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی ئیسپانی (لالیگا)، بە بردنەوەی یانەی شاهانە (٢-١) کۆتاییهات، بەمەش بەرشەلۆنە نەوەك نەیتوانی تۆڵەی دۆڕانی سێ ڕۆژ بەر لە ئێستای لە کلاسیکۆی جامی شای ئیسپانیا لە ڕیاڵ مەدرید بکاتەوە، بەڵکو قەیرانەکانیشی قووڵتر بوونەوە.

چاوەڕوان دەکرا بەرشەلۆنە بە شێوازە بەهێزەکەی ببینرابوایەوە، کە پێشتر لە یارییەکانییدا بەرجەستەی دەکرد، بەڵام شکستی زیاتر بە یاری بە کۆمەڵی یاریزانەکانی و ئەدای تیپەکەیەوە دەرکەوت.

مۆرینیۆ بە لەبەرچاوگرتنی یاری سێشەممەی داهاتووی یانەکەی لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی شانزەی چامپیۆنس لیگ لەناو یاریگای ئۆڵدترافۆرد بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، بە پێکهاتەی یەدەگ دەستیپێکرد (٧ یاریزانی سەرەکی لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتبوون لە گرینگترینیان: ڕۆناڵدۆ، ئۆزێل، دیماریا)، بەرشەلۆنەش بە تەواوی ئەستێرەکانییەوە بێجگە لە شاڤی هاتە ناو یاریگا، بەرشەلۆنە بەدوای تۆڵەکردنەوە بوو لە شکستی کلاسیکۆی سێ ڕۆژی ڕابردووی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە سوودوەرگرتن لەو بارودۆخە تایبەتەی ڕیاڵ مەدرید، بە تایبەت کە لە گێمی دووەمدا، مۆرینیۆ هەندێك گۆڕانکاری گرنگی ئەنجامدا و ڕۆناڵدۆی بەشداری پێکرد، کە لە چەندین دەرفەتدا مەترسی لەسەر گۆڵی بارسا دروستکرد.

شایەنی باسە، یانەی باڕسا لەو ماوەیەی دواییدا، دووچاری تەنگەژەیەکی ترسناك بووەتەوە، کە ئەگەر ڕێگەچارەیەکی زیرەکانە نەدۆزرێتەوە بۆ دەرچوون لێی، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی تەنگەژەی گەورەتر لەناو قەڵای بلۆگرانا و دەرەنجامەکانی داهاتووی ئەو یانەیە تراژیدیایی بن.

إرسال تعليق