Ads (728x90)

لۆژیكی گه‌وجێتی هیچ سنوورێكی نییه‌
تا ئێستاش پێموابوو گه‌وجێتی سنوورێكی هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت سنوورێكیشم بۆ شێتی داده‌نا، به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵه‌ی خوێندمه‌وه‌، هه‌موو پێوه‌ره‌كانی گه‌وجێتی و شێتێتی لای من تێكشكاند و گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، کە لۆژیكی گه‌وجێتی ده‌لاله‌ته‌ له‌وپه‌ڕی بێسنووری!!، هه‌واڵه‌كه‌ش ئه‌مه‌ بوو:

پیاوێك له‌ ( دوبه‌ی ) بڕیاریدا هه‌ڵسێت به‌ دابینكردنی ئامێرێكی (ئایباد 3) له‌ كۆمپانیای (ئه‌پڵ) ی ئه‌مریكی به‌ نرخێكی ئێجگار خه‌یاڵی كه‌ (300000) سێسه‌د هه‌زار دۆلاره‌!!، ئه‌و ئامێره‌ی كه‌ كۆمپانیاكه‌ به‌ نیازه‌ به‌مزووانه‌ به‌ نرخی (600) شه‌ش سه‌د دۆلار بیخاته‌ بازاڕه‌وه‌، ئه‌و براده‌ره‌ ئیماڕاتییه‌ كه‌وتۆته‌ گێژاوی ئه‌و گه‌مژه‌ییه‌وه‌ ته‌نها له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی ببێته‌ یه‌كه‌م كه‌س له‌ ئیمارات ئه‌و ئامێره‌ی ده‌ستبكه‌وێت!!. 

ئه‌و پیاوه‌ ڕایگه‌یاندووه‌: نازانێت شێوه‌ و مواسه‌فاتی ئامێره‌ مۆدێل تازه‌كه‌ چۆن ده‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت یه‌كه‌م كه‌س بێت ده‌ستیبكه‌وێت و باكی به‌وه‌ نییه‌ به‌ چ نرخێك له‌ سه‌ری ده‌وه‌ستێت، به‌س ئه‌وه‌نده‌ی ده‌وێت بیسه‌لمێنێت، کە ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ بۆته‌ خاوه‌نی ئه‌و ئامێره‌!!، واته‌ ئه‌و ئامێره‌ ( 500 ) جار گرانتر له‌ نرخه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی له‌ سه‌ری ده‌كه‌وێت و، ئه‌و جیاوازییه‌ زه‌به‌لاحه‌ش له‌ بڕی پاره‌كه‌دا، به‌ لای ئه‌وه‌وه‌ هیچ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌!!.


هه‌میشه‌ مرۆڤ ده‌بێت بێلایه‌ن بێت له‌ هه‌مبه‌ر ئازادییه‌ كه‌سییه‌كان، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ ئازاری ئه‌وانی دیكه‌ نادات و له‌ سنووره‌كه‌ی خۆی تێناپه‌ڕێت، لێ ئه‌و ڕووداوه‌ وایلێكردم بێلایه‌ن نه‌بم و له‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ بێده‌نگ نه‌بم، چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ شتێكی كردووه‌ له‌وپه‌ڕی ووروژاندنه‌وه‌یه‌ كه‌ پێش به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ها ئایینیه‌كانی تێپه‌ڕاندووه‌.


تۆ بڵێی ئه‌و پیاوه‌ چۆن دڵ و ویژدانی گوێڕایه‌ڵی بووبن له‌و كاره‌یدا ؟!!، له‌ كاتێكدا ملیۆنان برسی و ده‌ربه‌ده‌ر و نه‌خۆش له‌ هه‌ردوو جیهانی عه‌ڕه‌بی و ئیسلامی هه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ ته‌واوی جیهانیش!!، به‌ڕێزان ده‌زانن خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌و جیهانه‌دا به‌هۆی برسیه‌تی و نه‌بوونی ده‌رمان و پۆشاكه‌وه‌ ده‌مرن ؟!!، ئایا وێنه‌ی ئه‌و منداڵه‌ سۆماڵیانه‌تان بینیووه‌ كه‌ برسێتی ئێسكی جه‌سته‌ی ده‌رخستوون ؟!!، ئایا ده‌زانن به‌ هه‌زاران كوڕ و كچی گه‌نج به‌هۆی نه‌بوونییه‌وه‌ ناتوانن هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بده‌ن ؟!!، ئایا ده‌زانن هه‌زاران كه‌س به‌ هۆكاری جیاوازه‌وه‌ قه‌رزدارن و بارگرانایی قه‌رز ماندوو و بێتاقه‌تی كردوون ؟!!، ده‌یان (ئایا ده‌زانن) ی دیكه‌، كه‌ ده‌رفه‌ت نییه‌ ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین!!.


ئه‌و پیاوه‌ به‌ ته‌نها به‌ ( 1000 ) هه‌زار دۆلار له‌و ( 300000 ) سێسه‌د هه‌زار دۆلاره‌ی به‌و ئامێری ( ئایباد 3 ) ی داوه‌ ؛ ده‌یتوانی قه‌یرانی خێزانێك به‌ ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر بكات و له‌ ده‌ربه‌ده‌ری و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و لێكترازان ڕزگاریان بكات ؛ به‌ڵام چ ده‌كه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ مه‌نتیقی گه‌مژه‌ییه‌ كه‌ سنووره‌كان ناناسێت و له‌ سه‌روو هه‌موو ئیعتیبارێكی مرۆیی و ویژدانییه‌وه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و ؛ ئیدی ئه‌سته‌مه‌ بتوانین له‌ ڕاده‌ی ناهه‌وسه‌نگی ئه‌و هاوكێشه‌ ترسناكه‌وه‌ بدوێین كه‌ حوكمی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كات !!! ، جێ خۆیه‌تی له‌وه‌ش بپرسین تۆ بڵێی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆشمان كه‌سانێك هه‌بن به‌و ئه‌قڵیه‌ته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و موماره‌سه‌ی ئه‌و مه‌نتیقه‌ نامه‌نیقییه‌ بكه‌ن ؟ ؛ من وای ده‌بینم و بۆچوونم وایه‌ له‌ كوردستانیش كه‌سانێك هه‌ن به‌و لۆژیكه‌ نالۆژیكییه‌وه‌ ده‌یگوزه‌رێنن به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌ندازه‌ و مه‌زه‌نده‌كان!!.

إرسال تعليق