Ads (728x90)

تروسکایی چاکە و تارمایی خراپە
هەموومان دەزانین هەر کارێکی چاک کە ئەنجامی دەدەین (خوای گەورە بیکاتە بەشمان)، خێراترین کارتێکردنی لەسەر چاکەکارەکە ئەوەیە، کە پێی دڵخۆشە و هەست بە حەسانەوەی ڕۆحی و دامەزراویی دەکات لە ناخەوە، ئەوە بێجگە لەوەی کاریگەری چاکتر و دوورمەوداتری لە هەردوو دونیادا بەدواوە دەبێت.

پێچەوانەکەشی ئەوەیە، کە هەر کارێکی خراپ کە ئەنجامی بدەین (خوای گەورە بمانپارێزێت)، خێراترین کارتێکردنی لەسەر خراپەکارەکە ئەوەیە، کە پێی پەست و دڵتەنگ و خەمناک دەبێت و هەست بە خاوبوونەوەی ڕۆحی و نادامەزراویی دەکات لە ناخەوە، ئەوە بێجگە لەوەی کاریگەری خراپتر و دوورمەوداتری بەدوادادێت لە هەردوو دونیادا.

لەوبارەیەوە، پێشەوا و زانای گەورەی ئیسلام "ئیبن عەباس" خوا لێی ڕازی بێ لە وتەیەکی پڕشنگداریدا دەفەرمووێت: "چاکە چەند کاریگەرییەکی بەسەر چاکەکارەوە هەیە، لەوانە: تروسکاییە لە ڕووخساریدا، چرایە لەناو دڵیدا، بەهێزییە لەناو جەستەیدا، فراوانییە لە ڕۆزی و ڕزقیدا، خۆشەویستییە بۆی لەناو دڵی خەڵکدا".

هەروەها ئەو پێشەوا ناودارەی ئیسلام لە وەسفکردنی خراپەشدا دەفەرمووێت: "خراپە چەند کاریگەرییەکی بەسەر خراپەکارەوە هەیە، لەوانە: تارماییە لە ڕووخساریدا، تاریکاییە لەناو دڵیدا، بێهێزییە لەناو جەستەیدا، کەمبوونەوەیە لە ڕۆزی و ڕزقیدا، ڕق و قینەیە بۆی لەناو دڵی خەڵکدا".

إرسال تعليق