Ads (728x90)

ئەگەر گومانت لە دوو شتدا بۆ دروستبوو، تۆ کامەیان هەڵدەبژێری؟!
زۆرجار وا دەبێ مرۆڤ دەکەوێتە بەردەم دووڕیانێکی هەستیار، کە لە بوارێک لە بوارەکانی ژیانیدا، بە تایبەت لە بواری ئایینیدا، تووشی گومان دەبێت لە نێوان دوو شتدا، وە نەیدەزانی کامەیان ڕاست و دروستەکەیە؟!، یان کامەیان گونجاوتر و یەکانگیرتر و باشترە بۆ خۆی و بۆ ئایینەکەشی؟!.

بەداخەوە کە ئەو حاڵەتە لە ئێستادا زۆر بە زۆری ڕوودەدات و، موسڵمانان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام بە دەگمەن وا دەبێت بەسەر ئەو گومانەیان زاڵ ببن و خۆیان لە دەرەنجامی نەخوازراو بپارێزن!، بەڵکو نەوەکو هەر نایانەوێ گومانەکانیان بڕەوێننەوە، دەبینین لەولاوە دێن بە دوای بیانوو و پاساو دەگەڕێن بۆ ئەوەی بەرگی دڵنیایی و شەرعییەت بە بەر گومانەکەدا بکەن!.

لەوبارەیەوە پێشەوا "وەهبی کوڕی مونەبیهـ" لە یەکێک لە وتە هەرە جوانەکانیدا ڕوونکردنەوەیەکی نایابمان پێدەدات و دەڵێت: ئەگەر لە نێوان دوو شتدا تووشی گومان بوویت و نەتزانی کامەیان باشترە، تەماشا بکە کامەیان دوورترە لە ئارەزوو و مەبەستی تۆ، ئەویان هەڵبژێرە، چونکە بێگومان ئەوەیان بەرچاوت ڕووناک دەکاتەوە و دوورت دەخاتەوە لەوەی خراپترینەکەیان هەڵبژێریت، بەوەش خۆت لە بژاردە خراپەکە بە دوور دەگری و، بژاردە دروست و ڕاستەکەت پێکا.

هەر پەیوەند بەو ڕوونکردنەوەیە، "سەهلی کوڕی عەبدوڵای ئەلتەستەریی" لە وتەیەکی پڕشنگداریدا دەڵێت: "ئارەزووەکەت دەردەکەتە، ئەگەر پێچەوانەی ئەو مامەڵەت کرد، ئەوە دەرمانەکەتە".

إرسال تعليق