Ads (728x90)

شارەزایانی فیقهی ئیسلامی و شەرعزانان یەکدەنگن لەسەر ئەوەی، کە سوننەتە نوێژخوێن لە کاتی خوێندنی (تەحیات) لە نوێژدا پەنجەی شایەتومانی بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە گوزارشت لەسەر دڵسۆزی و یەکتاپەرستی نوێژخوێنەکە بۆ خوای تەعالا.

پسپۆڕانی بواری فیقهی ئیسلامی سەبارەت بە حیکمەتی بەرزکردنەوەی پەنجەی شایەتومانی لە کاتی خوێندنی (تەحیات) لە نوێژدا دەڵێن: ئاماژەدانە بە یەکتاپەرستی و بە گەورە زانینی خوای پەروەردگارە لەناو دڵی نوێژخوێنەکە، ئەوەش بۆ ئەوەی گوفتار و کردارەکەی گونجاو بن لەگەڵ یەکتر و بەرجەستەکاری مەبەستەکە بن بەیەکەوە، هەروەکو ئەوەیان سوننەتی پێغەمبەرە "دخ" کە زانایان لەسەری ڕێککەوتوون، چونکە پێغەمبەر "دخ" فەرموویەتی: بەرز کردنەوەی پەنجەی شایەتومانی لە کاتی خوێندنی (تەحیات) لە نوێژدا، کارێکە زۆر قوڕسترە لەسەر شەیتان لەوەی بە ئاسن بدرێت لەسەری.

سەبارەت بە جووڵاندنی پەنجەش، ڕای مەزهەبی شافیعی ئەوەیە  کە ئاماژەکردن بە پەنجەی شایەتومانی بەرزکردنەوەیەتی لە کاتی وتنی وشەی (إلا الله) بەبێ جووڵاندن، پێغەمبەریشمان "دخ" لە چۆنییەتی نوێژکردنەکەیدا ئەوەی پەیڕەو کردووە (بەرزکردنەوەی پەنجەی شایەتومانی بەبێ جووڵاندن).

سەبارەت بەوانەش کە لە کاتی بەرزکردنەوەی پەنجەی شایەتومانیدا پەنجەیان دەجووڵێنن، یان ئەو فەرموودانەی پێغەمبەر "دخ" کە وشەی جووڵاندنی تێدا هاتووە، لە کتێبی (تحفة الأحوذی) بەرگی یەکەم لاپەڕە (٣٢٥)ـدا هاتووە، ئیمامی بەیهەقی (خوا لێی ڕازی بێ) فەرموویەتی: لەوانەیە مەبەست لە جووڵاندنەکە خودی ئاماژەکردن بێت بە بەرزکردنەوەکە، چونکە بەرزکردنەوەکە خۆی لە خۆیدا واتای جووڵاندن دەگەیەنێت، ئیمامی شەوکانیش لە کتێبی (نیل الاوطار)ـدا دەڵێت: ئەوەی دەبێتە مایەی بەهێزترکردنی بۆچوونەکەی ئیمامی بەیهەقی، ئەو فەرموودەیەیە بە ڕیوایەتی ئەبو داود کە دەڵێت: پێغەمبەر "دخ" لە کاتی خوێندنی (تەحیات) لە نوێژدا ئاماژەیکردووە بۆ دڵسۆزی و یەکتاپەرستی بە بەرزکردنەوەی پەنجەی شایەتومانی.

بێگومان جیاوازی لە بۆچوونی زانایاندا هەیە سەبارەت بە جووڵاندنەکە، بەڵام ئەو ڕا و بۆچوونەی نزیکتر و بەهێزترە ئەوەیە، کە لە سەرەوە باسمانکرد.

خوا گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق