لوقمانی حەکیم پیاوچاکێک بووە لە سەردەمی داود پێغەمبەر "سڵاوی خوای لەسەربێت"، ئەو پیاوچاکە هەژار و ڕەشپێست بووە، پیشەی دارتاش بووە، بەڵام لەناو خەڵکدا خۆشەویست بووە.
ڕۆژێکیان گەورەکەی پێیدەڵێت: ئەی لوقمان، مەڕێکمان بۆ سەر ببڕە و خۆشترین گۆشتەکەیمان بۆ ئامادە بکە.
لوقمانی حەکیم مەڕێکی سەر بڕی، ئینجا دڵ و زمانەکەی دەرهێنا و پێشکەشی گەورەکەی خۆی کرد و پێیوت: ئەوانەیان خۆشترین پارچەی گۆشتەکەن!.
ڕۆژێکی دیکە خاوەنەکەی پێیدەڵێت: ئەی لوقمان، مەڕێکمان بۆ سەر ببڕە و پیسترین گۆشتەکەیمان بۆ ئامادە بکە.
لوقمانی حەکیم مەڕێکی سەر بڕی، ئینجا دڵ و زمانەکەی دەرهێنا و پێشکەشی گەورەکەی خۆی کرد و پێیوت: ئەوانەیان دوو پیسترین پارچەی گۆشتەکەن!.
گەورەکەی سەری سوڕما و وتی: پێموتی خۆشترین گۆشتەکەیمان بۆ ئامادە بکە، تۆش دڵ و زمانەکەت پێشکەشکردین!، پێشموتی پیسترین گۆشتەکەیمان بۆ ئامادە بکە، تۆش دڵ و زمانەکەت پێشکەشکردین!.
لوقمانی حەکیم وەڵامی دایەوە: ئەگەر دڵ و زمان باش بن، هیچ شتێک لە دڵ و زمان باشتر نین، ئەگەر دڵ و زمان خراپ بن، هیچ شتێک لە دڵ و زمان خراپتر نین!.
لێرەدا گەورەکەی سەرسام دەبێت بە داناییەکەی، بۆیە پێیدەڵێت: بڕۆ تۆ ئازاد و سەربەستی، لەو ڕۆژەوەش لوقمانی حەکیم ناوبانگ و شۆڕەتی بڵاودەبێتەوە و دەبێتە قازی لەناو خەڵک.
إرسال تعليق