Ads (728x90)

سەماکەرانی سامبا جامەکەیان بەرزکردەوە، ماتادۆرەکان تێکشکان
بەرەبەیانی ئەوڕۆ (١ / ٧ / ٢٠١٣)، بەڕازیلییەکان لە چاوەڕوانی ژوانێکی نوێدا بوون بۆ نووسینەوەی سەروەرییەکی تازە لە ناو لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووە پڕشنگدارەکەیان، کاتێك بۆ چوارەم جار شادبوونەوە بە جامی کیشوەرەکان.

ئەو دەستکەوتە گرنگەی بەڕازیلییەکان لەسەر حیسابی سومعەی پاڵەوانانی جیهان بوو کە ئیسپانەکان بوون، کە هەموو هیوایەکی خۆیان بەستبووەوە بە بردنەوەی نازناوەکە بۆ جاری یەکەم، لەو پێناوەشدا کۆششێکی زۆر گەورەیان پێشکەشکرد، بەڵام هەڵسانەوە بەهێزەکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل، کە هەمووانی بە ئاستبەرزییەکی تێکڕای تیپەکە سەرسامکرد، ڕێگر بوو لە بەردەم ئاواتی ئیسپانەکان.

بەڕازیلییەکان لەناو (مارەکانا) دا بە ورە بەرزییەکی بێوێنەوە ڕووبەڕووی ئیسپانەکان بوونەوە، هەر لە سەرەتاکانی یارییەکەدا گورزێکی کوشندەیان لە ماتادۆرەکان وەشاند و گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد، بە درێژایی گێمی یەکەم کۆنتڕۆڵی یاریگا لە دەست کوڕانی (سکۆلاری) یەوە بوو، ئەوان جەنگاوەر ئاسا پلانەکانیان جێبەجێدەکرد و لە زەفەر بردن بە ڕکابەرەکەیان سوورتر و شێلگیرتر بوون، کوڕانی (دیل بۆسکی) پەشۆکاوی و شپرزەییان پێوە دیار بوو، کاریگەری سیحری (مارەکانا) بەسەر جوڵانەوەکانیان دەبینرا، تا لە کۆتایی گێمی یەکەم جارێکی تر سەماکەرانی سامبا یاریگای (مارەکانا) یان خستە خرۆشانەوە و گۆڵی دووەمیان تۆمار کرد.

لەگەڵ فیکەی ناوبژیوان بۆ دەستپێکردنی گێمی دووەم، جارێکی تر سیناریۆی دەستپێکی گێمی یەکەم دووبارە بووەوە، کاتێك بەڕازیلییەکان دەستپێشخەریانکرد و سێیەم گۆڵیان لە تۆڕی گۆڵی (ئیکەر کاسیاس) نەخشاند و کارتەکانی (دیل بۆسکی) یان تێکەڵ و پەرت و بڵاوکرد، ئەوەش بەدیکرا کە ماتادۆرەکان تا ڕادەیەکی زۆر هیوابڕاو بوون، بە تێپەڕبوونی کات تا دەهات متمانەی سەماکەرانی سامبا بە لەباوەشگرتنی جامەکە بەهێزتر دەبوو، هەرواش دەرچوو، بە دوا فیکەی ناوبژیوان، (مارەکانا) بووە پارچەیەك لە خۆشی و خرۆشانی بێوێنە و جامەکە بەخشرایە کوڕانی (سکۆلاری).

بەو دەستکەوتە مێژووییەی، بەڕازیل جاڕی هەڵسانەوە و هاتنە مەیدانی لێدایەوە و زەنگی ترسناكی بۆ ڕکابەرەکانی لێدا، بە تایبەت بۆ ئەوانەی نیازی ڕکابەریان هەبێت لە مۆندیالی هاوینی داهاتوو کە لەسەر خاکی بەڕازیل بەڕێوە دەچێت.

إرسال تعليق