Ads (728x90)

وێستگه‌ و وه‌رزی گه‌نجێتی له‌ ته‌مه‌نی مرۆڤایه‌تییدا، ته‌نانه‌ت له‌ ژیانی هه‌موو بوونه‌وه‌ر و گیانه‌وه‌رێكیشدا، به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی وه‌ك زیندووێتی و ته‌واوێتی جه‌سته‌یی و هزری و بیرتیژیی و تواناداریی و چالاكبوون و هتد.. له‌ ته‌واوی وێستگه‌كانی دیكه‌ی ته‌مه‌ن جیاده‌بێته‌وه‌، به‌وه‌ی ئه‌م به‌خششه‌ خوداییه‌، به‌ پێكهێنه‌ر و ده‌رخه‌ری ڕووه‌ ڕه‌ونه‌قداره‌كان و پیشانده‌ری سیما و سیفاته‌ پڕشنگداره‌كانی ته‌مه‌نی مرۆڤایه‌تیی ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م، لێ به‌ مه‌رجێك، ئه‌م باره‌ تایبه‌ته‌ی گه‌نجێتی، وابه‌سته‌ی گیانی ئیمانی و به‌ربه‌ستی ته‌قواكاریی بكرێت و، به‌ یه‌كه‌وه‌ ببنه‌ خه‌ڵات و خاڵێكی بنچینه‌یی له‌ ناسنامه‌ی ئیماندارییدا.

له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌دا، گه‌نج ده‌بێته‌ داینه‌مۆیه‌كی داهێنه‌رانه‌ و مه‌شخه‌ڵێكی بڵێسه‌دار له‌ ژیانی دونیادا و، ئه‌وانی دیكه‌ لێی سوودمه‌ند ده‌بن، به‌مه‌ش گه‌نج شایه‌نی میدالیای " لاوبوون " ه‌، ئه‌م میدالیایه‌ هه‌رچه‌ند تایبه‌ت نییه‌ به‌ گه‌نجان - مه‌به‌ستمان ته‌مه‌نه‌ تایبه‌ته‌كه‌یه‌ ـ، به‌ڵكو هه‌موو ئیماندارێكی ڕاستگۆ و خۆپارێز ده‌گرێته‌وه‌، له‌ پێشه‌وا سادق گێڕدراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ سوله‌یمانی كوڕی جه‌عفه‌ری ئه‌لهه‌زلی فه‌رمووه‌: ئه‌ی سوله‌یمان، كێ لاوه‌؟، له‌ وه‌ڵامدا فه‌رموویه‌تی: به‌ قوربانت بم، لاو ئه‌و كه‌سه‌یه‌، كه‌ گه‌نجه‌، پێشه‌وا سادق ده‌ڵێ به‌ سوله‌یمانم فه‌رموو: چما نه‌تزانیوه‌ كه‌ هاوه‌ڵانی ئه‌شكه‌وت پیربوونه‌ و، به‌ هۆی ئیمانه‌كه‌یانه‌وه‌ په‌روه‌ردگار به‌ لاو ناوزه‌دی كردوون؟!!، ئه‌ی سوله‌یمان یه‌كێك بڕوادر بێت و ته‌قواكار بێت، به‌ گه‌نج داده‌نرێت، لێ به‌ زۆری وایه‌ " به‌ پێی لێكدانه‌وه‌ و خه‌مڵاندنی مرۆڤه‌كان "، ئه‌و گه‌نجێتییه‌، له‌ ته‌مه‌نه‌ تایبه‌تییه‌كه‌دا قۆرخ ده‌كرێت، كه‌ له‌ تێگه‌یشتنی ڕووكه‌شانه‌ی ئه‌واندا ناسراوه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و زیندووێتی و چالاكبوونه‌ی گه‌نجان له‌ ئیمان و ته‌قواكه‌ ترازا، ئه‌وا گه‌نجبوون له‌ فۆڕم و چوارچێوه‌یه‌كی جیاوازتر به‌ڵكو نه‌خوازراوتر ده‌گیرسێته‌وه‌ و، گه‌نجان ده‌كه‌ونه‌ باری له‌خۆبایبوون ته‌نانه‌ت شێتبوونیش، له‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ردا (د خ) هاتووه‌: گه‌نجی چڵێكه‌ (به‌ش – لق) له‌ شێتی، ئه‌مه‌ زۆر ڕوونه‌، به‌ ته‌ئكید وایه‌، چونكە ئه‌گه‌ر ووزه‌ و توانای گه‌نجێتی له‌ چوارچێوه‌ی ئیمانی و ته‌قواكارییدا نه‌به‌سترێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ كایه‌ و كاری ئاره‌زووبازیدا به‌ر با بدرێت، ئه‌وا بێگومان گه‌نج ده‌بێته‌ بۆمبێكی ته‌وقیتكراوی وێرانكه‌ر و، پۆلێك هه‌ستی دژ به‌ یه‌كی لێ په‌یدا ده‌بێت و، له‌ بری قازانج، ده‌بێته‌ قوڕساییه‌كی بێمایه‌ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه‌.

سرووشتی یه‌كه‌مینی گه‌نج ئه‌وه‌یه‌، کە مه‌یل و مه‌رام و حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی به‌ شێوازه‌ جیاجیاكان به‌دیبێنێ، كه‌ ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكه‌ خودی ئه‌و زیندووێتی و چالاكییه‌ ده‌یخوازێت و، ئاشكراشه‌، كه‌ به‌ ئیمان و ته‌قوا سرووشتی دووه‌م له‌ پێكهاته‌ی گه‌نجێتییدا دێته‌بوون و خۆی له‌ خۆپارێزی و ترس له‌ سه‌رپێچیكردنی په‌روه‌ردگار ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان هه‌رچه‌ند قوڕس و ئه‌سته‌م بێت، لێ له‌ سایه‌ی په‌روه‌رده‌بوونێكی گونجاو و به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و، سروشتی یه‌كه‌مینی گه‌نجێتی تا ئاقارێكی دوور توڕ ده‌دات، ئه‌مه‌یه‌ نهێنی ئه‌و په‌سن و ستایشه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ده‌قه‌ ئایینیه‌كاندا ئاوێزانی به‌ژن و باڵای گه‌نجی خۆپارێز و ته‌وبه‌كار و ته‌قواكار ده‌كردرێن و، چه‌مك و ڕه‌هه‌ندی گه‌نجبوون له‌ هزر و هێمای مرۆڤایه‌تییدا چڕتر و پیرۆزتر ده‌كه‌نه‌وه‌.

لێهاتوویی و ئاماده‌گی ده‌ستخستنی ته‌واوێتی زانستی و كرداریی، هه‌قیقه‌تێكی ڕۆشنه‌ و پێویستی به‌ موتاڵا و موتابه‌عه‌یه‌كی وورد هه‌یه‌، بۆ ئه‌وی به‌ پێی قوناغبه‌ندییه‌كی شایسته‌وه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ خه‌سڵه‌ته‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌ربهێنرێن و، به‌ ئاراسته‌ی گونجاو ببردرێن و، توانا شاراوه‌كانی قه‌واره‌ی گه‌نجێتی، كه‌ وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌كی گرانبه‌ها له‌ بوونێتی ئه‌ودا چه‌سپیوون، بخرێنه‌ پرۆسه‌یه‌كی وه‌ربه‌هێنانی لێزانانه‌وه‌، كه‌ دواتر، قازانج و ده‌سكه‌وته‌كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تێكڕای بوونه‌وه‌ره‌كانی نێو گه‌ردووندا بكه‌وێته‌وه‌.

مانگی ڕه‌مه‌زانیش پیرۆزی و ئه‌و پایه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ پێیبڕاوه‌، به‌هۆی دابه‌زینی قورئانه‌وه‌ بووه‌ تیایدا و، به‌ ڕه‌چاوكردنی به‌راوردی دابه‌زینه‌كه‌ و به‌ستنه‌وه‌ی بایه‌خ و به‌هاكه‌ی به‌و مانگه‌وه‌، ده‌توانین بێژین، کە مانگی ڕه‌مه‌زان وه‌رزێكی ڕووناكبیری و په‌روه‌رده‌ییه‌ و، دره‌وشانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی و كه‌سابه‌تی ئایینی گه‌نجان تیایدا سایه‌ به‌ سه‌ر هه‌موو دیمه‌ن و ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌كات و، گه‌نجان ده‌بنه‌ چراخانێك بۆ ڕۆشنبوون و ڕه‌نگاڵه‌ییبوونی ساته‌وه‌خته‌كانی ڕه‌مه‌زان و، وابه‌ستی گه‌نجانیش به‌ ڕه‌مه‌زان، هه‌میشه‌ سه‌رباسی دینداران بووه‌ و، له‌ ڕێی چالاكییه‌ ئایینیه‌كان و خواپه‌رستییه‌وه‌، بوژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ جووڵه‌ی گه‌نجان به‌دیده‌كرێت و، ئه‌م مانگه‌ سه‌راپا بۆ گردبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌نجانه‌ی گه‌رموگوڕ وه‌رده‌چه‌رخ.

ڕه‌مه‌زان وه‌رزێكی وره‌به‌خشی كه‌موێنه‌یه‌، گه‌نجانیش وزه‌ی وابه‌ستبوونی زێده‌تری به‌ په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ په‌روه‌ردگار لێوه‌ردگرن و، ده‌یانه‌وێ زیاتر بچنه‌ ژێر چاودێری و چه‌تری په‌روه‌ردگاره‌وه‌ و، له‌ سایه‌یدا وچانێكی ئیماندارانه‌ بده‌ن و، به‌ لوتف و لالێكردنه‌وی به‌ به‌زه‌ییانه‌ بخرۆشێن و، كێشبكرێن ڕووه‌و ڕوانینی ئیمانییانه‌ی جۆشده‌ره‌وه‌وه‌.

به‌ تێگه‌یشتن و تاوتوێكردنێكی تێروته‌سه‌لی ئه‌م چه‌ند كورته‌ ئاماژانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و، شیكردنه‌وه‌ و شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ قووڵایی ڕه‌گداكوتانی په‌یوه‌ستبوونی چۆنایه‌تی و جۆرایه‌تی ئیجابییانه‌ی نێوان گه‌نجان و مانگی ڕه‌مه‌زان و، پاڵپشت به‌و هه‌نگاوهه‌ڵهێنانه‌، هه‌ڵهێنجانی واتا و وانه‌یه‌كی یه‌كانگیر ده‌ستبخه‌ین، یه‌كڕاست سروشتی په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوانییان و، ڕاده‌ی ڕاهاتن و لێهاتنی ڕۆحیه‌تی گه‌نجان له‌ گه‌ڵ ڕه‌وڕه‌وه‌ و ڕێڕه‌وی ئاینناسی ڕه‌مه‌زانیدا دووپات ده‌بێته‌وه‌ و، ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌سلمێندرێت، كه‌ مانگی ڕه‌مه‌زان كاریگه‌ری و كارلێكه‌ری به‌هێزی هه‌یه‌ له‌ ڕاكێشان و ڕاهێنانی گه‌نجان له‌ گه‌ڵ ڕێنماییه‌ به‌رزه‌كانی ئیسلام و پابه‌ندكردنییان به‌ باره‌ ئیمانییه‌كه‌، ته‌نانه‌ت ده‌توانین به‌ ده‌ربڕینێكی ڕاشكاوانه‌وه‌ش بڵێین، كه‌ مانگی ڕه‌مه‌زان سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ی چاودێریكردن و په‌روه‌رده‌كردنی گه‌نجانه‌ و، ده‌یانخاته‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ژیانی سه‌ربه‌رزانه‌ی دینداریی و، بره‌و به‌ گه‌شانه‌وه‌ و دره‌وشانه‌وه‌ی لایه‌نی ڕۆحییان ده‌دات و، به‌ربه‌ست ده‌خاته‌ به‌رده‌م لاڕێبوون و به‌لاڕێدابردنییان، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ زۆرینه‌ی گه‌نجه‌كانمان به‌ تێگه‌یشتن و تێگه‌یاندنی سه‌رپێیانه‌ و نه‌رێنیانه‌ و، به‌ ته‌كانێكی ته‌ڵه‌كه‌بازییانه‌ تێكه‌ڵ به‌ ساته‌ زێڕینه‌كانی ئه‌م مانگه‌ پیرۆزه‌ ده‌كرێن و، له‌ مه‌به‌ست و مه‌ودا گه‌وهه‌رییه‌كانی كه‌نارگیر ده‌خرێن!، به‌مه‌ش كاكڵه‌ و كرۆكی ڕه‌مه‌زان به‌ هه‌ندێك ڕواڵه‌تی نه‌شیاو له‌ گه‌ڵ گه‌وره‌یی ئه‌م مانگه‌ پیرۆزه‌وە كاڵ ده‌كرێته‌وه‌، بۆ نموونه‌: ئه‌م مانگه‌ پیرۆزه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی بكرێته‌ وه‌رزی خواپه‌رستی و خواناسی و جۆشدانه‌وه‌ی ڕۆحیه‌تی دینداریی، به‌ داخه‌وه‌ ده‌كرێته‌ وه‌رزی ڕابواردن و كات به‌سه‌ربردنێكی بێمایه‌ و بێمانا، وه‌ك ئه‌وه‌ی پڕ ده‌كرێت له‌ پێشبڕكێی وه‌رزشی و گردبوونه‌وه‌ی جیاجیا و نمایشكردنی زنجیره‌ درامای ته‌له‌فزیۆنی و جۆره‌ها ئاهه‌نگی سه‌ما و گۆرانی شه‌وانه‌ و ئاماده‌كردنی خواردن و خواردنه‌وه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگ و هتد..، ئیدی وای لێكراوه‌، کە ڕه‌مه‌زان ببێته‌ وه‌رزی خۆشگوزه‌رانی و كات به‌ فیڕۆدان، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌ ئاشكرا و نائاشكراكان، كه‌ مانگی ڕه‌مه‌زان وه‌رزی پاكیزه‌یی دڵ و ده‌روون و خۆداماڵین و خاڵیبوونه‌وه‌یه‌ له‌ چڵكی تاوانكاریی و، به‌ پیره‌وه‌چوونی فه‌زڵ و لوتفی په‌روه‌ردگاره‌، به‌مه‌ش مانگی ڕه‌مه‌زانییان له‌ به‌رگه‌ پیرۆزه‌كه‌ی خۆی دادڕیوه‌ و، كردوییانه‌تە مانگی شه‌یتان!، كه‌ له‌ ڕاستییدا قوربانی ڕاسته‌قینه‌ش له‌مه‌دا گه‌نجانن، چونكه‌ له‌ ده‌رفه‌تی دانسقه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ و گوێڕایه‌ڵبوون بۆ په‌روه‌ردگار و ڕێكخستنه‌وه‌ی ژیان و ته‌مه‌نییان بێبه‌ش ده‌بن، لێ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، ئاراسته‌ی ڕه‌وته‌كه‌ هێنده‌ نه‌چه‌میوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌سته‌م بێت ڕاست بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵوێستی كۆتایی له‌ ده‌ست گه‌نجه‌كان خۆیانه‌ و، ئه‌وان ده‌توانن بڕیاری بوێرانه‌ی گه‌یشتن به‌ قافڵه‌ی كه‌سه‌ ڕه‌مه‌زانییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان بده‌ن و، ئاوێزانی ساته‌ ڕه‌نگاره‌ییه‌كانییان ببن، یانیش به‌ درێژایی هێڵه‌كه‌، له‌ بازانه‌ی داخراوی دونیاییدا بمێنه‌وه‌.

بۆیێ، ئومێدمان له‌ بڵندیی دایه‌، كه‌ گه‌نجانمان له‌و سه‌رپشكبوونه‌دا ژیرانه‌ گه‌نجبوون و ڕۆشنبیریی و ویستی به‌هێزیی خۆیان ده‌نه‌خشێنن و، له‌ داوی خواناسیی و خواپه‌رستیی ڕاسته‌قینه‌ ده‌ئاڵێن و، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هۆشمه‌ندانه‌یان ده‌كه‌نه‌ به‌ربه‌ستێكی پۆڵایین له‌ به‌رده‌م شه‌پۆڵ و لێشاوی ئاره‌زووه‌ دونیاییه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كان.

إرسال تعليق