Ads (728x90)

ئامۆژگاری بۆ ڕۆژووەوان له‌ پارشێو و به‌ربانگدا
بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژووانه‌ به‌ڕێزه‌كانمان به‌ دووربن له‌ ماندووبوون و بێتاقه‌تی و پارێزراوبن له‌ تووشبوون به‌ گرفت و كێشه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، هاوكات ساته‌كانی ڕه‌مه‌زانییان لێوانلێو بێت له‌ حه‌سانه‌وه‌ و ئاسووده‌یی، به‌ پێویستمانزانی له‌ سایتی (قه‌ڵه‌م پرێس) ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ بۆ ڕۆژووانه‌ به‌ڕێزه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، چونكه‌ پێویسته‌ له‌ كاتی پارشێو و به‌ربانگدا ڕه‌چاوی ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ن، كه‌ له‌ پاڵ ده‌ستكه‌وتنی پاداشته‌ گه‌وره‌كانی، هاوكات سوودی پزیشكی و شوێنه‌واری ته‌ندروستی و ده‌روونی گرنگ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.

1 – ڕۆژووشكاندن به‌ چه‌ند ده‌نكه‌ خورمایه‌ك و چه‌ند قومێك ئاو،  كه‌ به‌ كرده‌وه‌ كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنییه‌كانییان ده‌ركه‌وتووه‌.


2 – ڕۆژووشكاندن به‌ دوو قۆناغ، وه‌كو چۆن پێغه‌مبه‌ر (د خ) په‌یڕه‌وی لێده‌كرد، كاتێك په‌له‌ی ده‌كرد له‌ ڕۆژووشكاندندا (كاتێك دڵنیا ده‌بوو له‌ كاتی بانگدان)، به‌ هه‌مان شێوه‌ش په‌له‌ی ده‌كرد له‌ ئه‌نجامدانی نوێژی ئێوارە، به‌وه‌ی پاش ڕۆژووشكاندن و به‌ر له‌وه‌ی خواردنی به‌ربانگ ته‌واو بكات، نوێژه‌كه‌ی ده‌كرد، ئینجا جارێكی دیكه‌ ده‌ستیده‌كرده‌وه‌ به‌ نانخواردن.


3 – خۆپارێزی له‌ خواردنی شیرنه‌مه‌نی له‌ كاتی پارشێودا، چونكه‌ پسپۆڕانی پزیشكی ڕوونیانكردۆته‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆژووەوان به‌ درێژایی ڕۆژ هەست بە تینووێتی بكات.


4 – خواردنی زه‌ڵاته‌ له‌ گه‌ڵ ژه‌مه‌كانی خواردن، كه‌ سه‌وزه‌مه‌نی تازه‌ی له‌ گه‌ڵدا تێكه‌ڵاو كرابێت له‌ كاتی ڕۆژووشكاندندا و، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنی بیبه‌ر و به‌هارات و ترشه‌مه‌نی و، خۆپاراستن له‌ خواردنی ئەو شتانەی له‌گەڵ ڕۆن سووركراونەتەوه‌، هه‌روه‌ها خۆپارێزی له‌ زۆرخواردن و پڕكردنی گه‌ده‌ به‌ جۆره‌ها خواردن و خوارده‌مه‌نی، هه‌روه‌ها خۆپاراستن له‌ خه‌وتن له‌ دوای ڕۆژووشكاندندا.


5 – گرنگییدان به‌ هاوسه‌نگی له‌ خواردنه‌وه‌ی چایه‌ و قاوه‌ و شله‌مه‌نییه‌كاندا، كه‌ به‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌و ڕێوشوێنه‌، حه‌سانه‌وه‌ی ده‌روونی و جه‌سته‌یی فه‌راهه‌م ده‌بێت.


6 – پشتگوێنه‌خستنی ژه‌مه‌ خواردنی پارشێو، چونكه‌ به‌ره‌كه‌تی تێدایه‌ و یاریده‌ده‌ری ڕۆژووانه‌كان ده‌بێت له‌ تێپه‌ڕاندنی كاته‌كانی به‌ڕۆژووبوون به‌ ئاسانی، باشتریشە کە پارشێو تا كاتانێكی نزیك له‌ بانگی به‌ره‌به‌یان دوابخرێت، وه‌كو له‌ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ردا (دخ) هاتووه‌.


7 – خۆپاراستن له‌ خوارده‌مه‌نی هه‌ڵگیراو له‌ ناو قووتووه‌كان و خۆپارێزی له‌ خوارده‌مه‌نی سوێر، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی دووچاری تینووبوون نه‌بیته‌وه‌.


8 – بایه‌خدان به‌ خوارده‌مه‌نییه‌ ڕووه‌كییه‌كان، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ درووستكردنی زه‌ڵاته‌دا به‌كارده‌هێنرێن و سووده‌كانییان له‌ ڕووی پزیشكیی و جه‌سته‌ییه‌وه‌ ساخكراونه‌ته‌وه‌.


له‌ كۆتاییدا، خودای په‌روه‌ردگار ڕۆژووه‌كانتان قه‌بول بكات و ئاسووده‌ی دین و دونیاتان بكات و، سه‌ربڵندی و سه‌رفرازی هه‌میشه‌ییتان پێببه‌خشێت .

إرسال تعليق