Ads (728x90)

تەراویح هۆکارە بۆ تەمەندرێژی و پارێزگاری لە تەندروستی دەکات
نوێژەکانی تەراویح بە تەنها نیشانەیەکی ئایینی نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی جەستەیی و دەروونی، چالاکییەکی تەندروستی سوودبەخشە، چونکە یارمەتیدەرە بۆ لاوازکردنی جەستە، هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە وەستان و چەمانەوە و کڕنووشبردنی تێدایە، نوێژەکانی تەراویح لە ماوەیەکی زەمەنی گونجاودا جێبەجێدەکرێت، کە نزیکەی کاتژمێرێك دەخایەنێت، کە ئەمەش دەرفەت بە نوێژخوێنان دەدات لە هەندێك گەرمۆکە زیادەکان ڕزگاریان ببێت، ئەوە بێجگە لە ڕۆیشتن بۆ مزگەوت لە دوای ڕۆژووشکاندن بۆ بەجێهێنانی نوێژی عیشا، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی کرداری هەرسکردنی خواردەمەنییەکان و زیاتر سەرفکردنی گەرمۆکەکان.

پزیشکانی پسپۆڕی ئێسك دووپات لەوە دەکەنەوە، کە هەموو جووڵەکانی نوێژ "بەرزکردنەوەی دەستەکان لە تەکبیرەی یەکەمدا تا کۆتایی کڕنووشبردن"، بە ڕاهێنانێکی ڕۆژانەیی بەردەوامی جەستە دادەنرێت کە ئێسك و ماسوولکە و بەستەرەکان لە هەموو بەشەکانی جەستە بەهێز دەکات، هەر لە هەردوو شانەکان و بڕبڕەی مل و ماسوولکەکانی هەردوو دەست و ئەنیشك بگرە تا دەگاتە بڕبڕەی پشت و ماسوولکەکانی هەردوو پێ، بۆ نموونە: تەکبیرەی یەکەمی نوێژ یارمەتیدەرە بۆ فراوانکردنی ماسوولکەکانی سینگ، هاوکات هەناسەدان و بەهێزکردنی ماسوولکەکانی هەردوو شان زیاد دەکات.

سەبارەت بە چەمانەوەش (رکوع)، ئەوەیان یارمەتیدەرە بۆ ڕاستبوونەوەی پشت و کردنەوەی بڕبڕەکانی و دوورخستنەوەیان لە یەکتری، ئەمەش بە بارێکی باش دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی بەستەرەکانی نێوان بڕبڕەکانی پشت، هەروەکو چەمانەوە (رکوع) دەبێتە هۆی توندکردنەوەی تەواوی ماسوولکەکانی هەردوو پێ و بەتاڵکردنەوەی شلەی زەیتی نێوان ئەو ماسوولکانە کە ئەمەشیان یارمەتیدەرە بۆ داپۆشینی ماسوولکەکان بە چەورایی، ئەوە جگە لەوەی کە چەمانەوە (رکوع) پرۆسەی سوڕی خوێن چالاکتر دەکات.

سەبارەت بە کڕنووشبردنیش (سجود)، ئەوەیان یارمەتیدەرە بۆ بزواندنی ئێسکەکانی حەوز و هەردوو قاچ و پێیەکان، ئەمەش بە سووککردن دەژمێردرێت لەسەر حەوز و تێزانی خوێن تێیدا، هەروەکو کڕنووشبردن یارمەتیدەرە بۆ نەرمبوونی بڕبڕەی پشت و، یارمەتیدەریشە بۆ ئاسانکردنی کرداری هاتنە دەرەوەی هەوا لە سییەکان و دەرکردنی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووبارە هەناسەدانەوە بە هەوایەکی نوێ.

نوێژەکانی تەراویح سوودبەخشیشن بۆ تەندروستی دڵ، چونکە هاوشانی وەرزشی ڕۆیشتنە بە پێ یان ڕۆیشتن بە پێ بۆ ماوەی سێ میل، جا ئەگەر نوێژەکانی تەراویح هەر هەموو سوودبەخش بێت، ئەوا پێنج نوێژە فەڕزەکان "دەستنوێژگرتن، نوێژکردن، چەمانەوە، کڕنووشبردن، تەحییات، سەلامدانەوە"، دەبنە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری فیسیۆلۆژی وەکو وەرزش. نوێژەکانی تەراویح چالاکی دەبەخشێتە ڕۆژووان، چونکە هەموو ئەندامەکانی جەستە دەکەونە جووڵەوە، هەروەکو نوێژەکانی تەراویح نەخۆشانی شەکرە لە ڕێژەی شەکری زیادە ڕزگار دەکات بە تایبەت لە دوای بەربانگی ئێوارە و ڕۆژووشکاندن.

نوێژەکانی تەراویح ئەرکی چیسە خوێنینەکان باشتر دەکات و، ئاستی لێهاتووی جەستە بەرز دەکاتەوە و، وا دەکات هۆڕمۆنی "ئەدرینالین" بۆ ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە کە بە هۆڕمۆنی ترس ناسراوە و، پەستانی خوێن باشتر دەکات و، هاوسەنگی دەروونی و تەندروستی بەدیدەهێنێت و، کابوسی دڵتەنگی و پەستی دوور دەخاتەوە و، متمانە و ئیمان مرۆڤ بەرز دەکاتەوە.

شایەنی باسە، کە توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان دووپاتیان لەوە کردووەتەوە، کە کاتەکانی نوێژ، تەواو گونجاو و ڕێککەوتوون لەگەڵ کاتەکانی چالاکی فیسیۆلۆژی جەستە، کە ئەوە وای لێدەکات وەکو بڵێی ئەو کاتانە ئەو سەرکردەیەیە، کە ئیقاعی تەواوی جەستە ڕێکدەخات، ئەوەش خۆی لە خۆیدا وا دەکات، کە ئەوە کار بکات لەسەر چالاکترکردنی کاری خانەکانی لەش و ڕێگریکردن لە دابەشبوونیان، بەڵکو پارێزگاری دەکەن لە تووشبوون بە شێرپەنجە و تەنگەژەکانی دڵ و، کاری هۆڕمۆنەکان و سوڕی خوێن ڕێکدەخەن.

هەروەکو توێژینەوە پێشکەوتووەکان دووپاتیان لە سوودی نوێژی بەیانی کردووەتەوە کە هەموو ئەندامەکانی لاشە لەو دەمەدا لە لووتکەی چالاکبوونیاندان، کە دەردانی هۆڕمۆنەکان زیاتر دەبێت بە تایبەت هۆڕمۆنی "ئەدرینالین" کە بە هۆڕمۆنی ترس ناسراوە و، هەموو جەستە چالاك دەکات و لە وەرەمە شێرپەنجەییەکان دەیپارێزێت و، ئەو هۆڕمۆنەش "ئەدرینالین" لە ڕژێنەی "جارکلویە" دەردەبێت و دەچێتە ناو خوێنەوە.

شارەزایان لە کۆمەڵەی پزیشکانی دڵ لە "ئەردەن" ئاماژەیانکردووە بۆ ئەوەی، کە بەجێنانی نوێژی بەیانی لە هەموو ڕۆژێك لە کاتی دیاریکراوی خۆی، باشترین هۆکارە بۆ خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، لە نێویشییدا لاوابوونی ماسوولکەکانی دڵ، کە ئەمەیان هۆکارە بۆ جەڵتەی دڵ و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، کە ئەمەی دوایی دەبێتە هۆی وەستانی مێشك.

دەرەنجامەکانی نوێترین توێژینەوەی زانستی ڕوونیانکردووەتەوە، کە لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان لەلایەن کۆمەڵەی پزیشکانی دڵ لە "ئەردەن" ئەنجامدرابوو، کە تێیاندا هاتووە، لاوازبوونی دڵ ترسناکترین نەخۆشییە، هۆکاری سەرەکی ڕەقبوون و گیرانی خوێنبەرەکانیش زۆر خەوتنە لە ماوەکانی شەو و ڕۆژ و بوونی ناڕێکی لە کاتەکانی نوێژدا.

چەندین لێکۆڵینەوەش ئەوەیان سەلماندووە، کە ئەو ئیماندارەی نوێژەکەی لە حاڵەتی خشوعدا ئەدا دەکات، چەندین گۆڕانکاری ئیجابی لە جەستەیدا ڕوودەدەن، لە گرنگترینیان: ئەوەی لەناو مێشکدا ڕوودەدات، ئەویش ڕێکخستنی چوونی خوێنە بۆ چەند ناوچەیەکی دیاریکراو.
تایبەت بە سایتی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق