Ads (728x90)

حوکمی زیکرەکانی نێوان نوێژەکانی تەراویح
خانەی فەتوای میسری بە دروستی داناوە، کە نوێژخوێنان لە نێوان نوێژەکانی تەراویح زیکر بخوێنن و، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە لە ڕووی شەرعەوە بڕیار لەوە دراوە، کە باسی دوعا و زیکرەکان بە شێوەیەکی ڕەها هاتووە و نەبەستراوەتەوە بە کەسانێك یان شوێنێك یان کاتێك، بۆیەش دروست نییە ببەسترێنەوە بە شتێك و بە شتێکی تر نا، تەنها لە کاتی بوونی بەڵگەدا نەبێت.

فەتواکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، کە تەسبیحاتی پاش نوێژەکان خێر و چاکەی تێدایە، بەڵگەشی بەوە بۆ هێنراوەتەوە، کە خودای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (( فَإِذَا قَضَيْتُمْ الصَّلاةَ فَاذْكُرُوا اللَّهَ قِيَاماً وَقُعُوداً وَعَلَى جُنُوبِكُمْ فَإِذَا اطْمَأْنَنتُمْ فَأَقِيمُوا الصَّلاةَ إِنَّ الصَّلاةَ كَانَتْ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ كِتَاباً مَوْقُوتاً ))، واتە: جا كاتيَك له‌ نويَژ بوونه‌وه‌، ئه‌وه‌ يادى خوا بكه‌ن، به‌پێوه‌بن يان به‌دانيشتنه‌وه‌ يان به‌ راكشانه‌وه‌ (به‌هه‌رجۆرێك بۆتان گونجا)، كاتێكيش ئارامى باڵیكێشا به‌سه‌رتاندا و نيشته‌جێ بوون، ئه‌وه‌ نوێژ به‌چاكى‏ و ته‌واوى ئه‌نجام بده‌ن، چونكه‌ به‌ ڕاستى نوێژ له‌سه‌ر ئيمانداران فه‌رزه‌ له‌كاتى دياريكراودا، ده‌بێ ئه‌نجام بدرێت.

فەتواکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە هەر کەسێك تەسبیحات بە دەنگ بکات، ئەوە سوننەتی پێغەمبەری (دخ) پێکاوە، هەر کەسێكیش تەسبیحات بە بێدەنگ بکات، بە هەمان شێوە سوننەتی پێغەمبەری (دخ) پێکاوە، چونکە پێغەمبەر (دخ) هەردووکیانی کردووە، بۆیە پێویست ناکات کەس خۆی سەغڵەت و ناڕەحەت بکات، بەڵکو باشتر وایە واز لە موسڵمانان بهێنین چۆنیان ئارەزوو کرد با وا بکەن.

فەتواکە بە توندی دووپات لەوە دەکاتەوە، کە نابێت ئەو بابەتە بکرێتە هۆکاری تەفڕەقە و پەرتەوازەبوونی موسڵمانان، چونکە نکۆڵی لە بوونی جیاوازی ناکرێت لە زۆربەی بابەتە فیقهی و شەرعییەکان، بۆیە باشتر وایە واز لە موسڵمانان بهێنین چۆنیان ئارەزوو کرد با وا بکەن، عیبڕەتیش لەوەدایە کە موسڵمان دڵی بە کامەیان دامەزراو دەبێت.

إرسال تعليق