Ads (728x90)

((شێخ موحەممەد متەوەللی ئەلشەعراوی))
پێشەوای بانگخوازان (شێخ موحەممەد متەوەللی ئەلشەعراوی) ڕەحمەتی خوای لەسەربێ، نموونەی بانگخوازی بلیمەت و زانای ئایینی ئاستباڵای سەردەم بوو. ئەو بە دووانەی دانایی و زانایی، گەشەپێدەری بیری میانڕەوی بوو لە كایە ستراتیژییەكەی كاری بانگخوازییدا، هەمیشەش تامەزرۆی ئەوە بوو، كە پەیڤە نەرمەكانی بكاتە هەوێنی هاتنەدی هاوكێشەیەكی هاوسەنگ لە كۆمەڵگاكانی جیهانی ئیسلامی هاوچەرخدا، كە لە سایەیدا تەبایی و ئاشتی كۆمەڵایەتی باڵبكێشێت بەسەر سەرجەم جومگەكانی ژیانی تاكەكانییدا.

سەرەڕای هەستیاربوونیشیان بە پرسی بابەتە ئایینیە جیاوازەكان، گێژاوێكی دژواری فرە فیكری ئایینیش ڕووی لەو كۆمەڵگایانە كردووە، بۆیە تەقەللادان لە ڕووی فیكرییەوە، لە ئەولەویەتی ئامانجەكانی شێخی مەڕحوم بووە، بۆ ئەوەی لەو سۆنگەیەوە فاكتەرێكی كۆتاییپێهێنەر بۆ هەموو ئەو پیلانگێڕییە مەترسیدارانە بدۆزێتەوە، كە بۆ دروستكردنی درز لە یەكڕیزی موسڵمانان و لە قاڵبدانی بیری شوێنكەوتووانی حەزرەتی موحەممەد (دخ) لە بیروباوەڕی نامۆ بە ڕۆحییەتی ئیسلام، دادەڕێژرێن.

پێویستە بانگخواز زانایەكی پڕاوپڕ بێ لە مەعریفە فیكری و زانستی و فیقهی و شەرعییەكان

مونازەرە و موحازەرەكانی ئەو كەڵە بانگخوازە گەواهیدەر و سەلمێنەری ئەوەن، كە ئەو چەندە بیرمەندێكی ئیسلامی بەهرەمەند بووە، بەرچاوڕوونی ئەوەشمان پێدەبەخشن كە كاری بانگخوازی ئەو كاتە گوزارشت لە نیازپاكی و ڕاستگۆیی و پیشەییبوونی كارەكتەرەكانی دەكات، كە لە بازنەی ئیشكالییەتە ئاڵۆزەكان بێنە دەرەوە و، لە پاڵ لێهاتوویی لە كاری بانگخوازییشدا، پێوەرەكانی كەسایەتییەكی زانای ئایینی قاڵبوو لە زانستە ئیسلامییەكانی تێدا بەرجەستە بووبوون، بەو واتایەی كە كەسی بانگخواز پێویستە لە هەمانكاتدا زانایەكی ئایینی پڕاوپڕ بێ لە مەعریفە فیكری و زانستی و فیقهی و شەرعییەكان، چونكە ئەگەر بانگخواز خاوەن ئەجێندایەكی دەوڵەمەندی لەو شێوەیە نەبێت، كە هێمامان بۆیكرد، بێگومان سەرەكیترین فاكتەرەكانی كەسایەتی بانگخوازی سەركەوتوو لەدەستدەدات. 

ئیزافە بۆ ئەو ڕاستییانەی سەرەوەش، شێخی شەعڕاوی دەستڕەنگینییەكەشی لە بواری شیكردنەوەی قوڕئانی پیرۆزدا هێندە درەوشاوە بووە، تا ئەو ڕادەیەی بە یەكێك لە بەناوبانگترین ڕاڤەكارانی قوڕئانی پیرۆز هەژماركراوە، وەكو ئاماژەشمان بۆیكرد، لە بواری كاری بانگخوازیدا چالاكوانێكی ئێكجار دەستباڵا بووە، هەر بۆیەش نازناوی (پێشەوای بانگخوازان) ی پێبەخشراوە.

كارەكتەرەكانی توندڕۆیی ئایینی لە هەوڵی بێوچاندان بۆ بنیاتنانی پاشخانێكی گەورەی فیكری لە جیهانی ئیسلامییدا

وێڕای ئەوەش، شێخی شەعڕاوی بە پشتبەستن بە شێوازە تایبەتەكەی خۆی، وێنەی هەڵكەوتووێكی كەموێنەی لە دژایەتیكردنی بیری توندڕۆیی ئایینی پێشكەشكردووە، كە ئەو ڕاستییەش لە تۆمارێكی دەوڵەمەند لە خەرمانی بانگخوازییەكەیدا ڕەنگدەداتەوە، كە ئەزموونێكی سەركەوتووانە و تایبەتمەندییەكی ناوازەی پێشكەشكردووە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە، كە لەمەشدا بژاردە زۆر بەهێزەكەی بەكارهێناوە، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی فیكرییانە بووە، چونكە ئەو تەواو دركی بەوە كردبوو، كە كارەكتەرەكانی توندڕۆیی ئایینی لە بنیاتنانی پاشخانێكی گەورەی فیكری لە جیهانی ئیسلامییدا لە هەوڵی بێوچاندان، بۆیە وەكو جەنگاوەرێكی جەربەزە سەنگەری لێگرتن، ئەوەتا جێپەنجەی كارامەیی خۆی لە چەندین گفتوگۆی گرنگی یەكلاییكەرەوەدا نەخشاندووە و، گفتوگۆكارانیشی لە شۆكی قوڕسدا گیرۆدە كردووە.

نموونەیەكی بەڵگەدار بۆ ئەوانەی لە تەڵەی توندڕەوی ئایینیدا ئاڵاون

بۆیێ زۆر بە بایەخداری دەبینم، كە لەو بابەتەدا تیشك بخەمە سەر گفتوگۆیەكی پێشەوای بانگخوازان (شێخ موحەممەد متەوەللی ئەلشەعراوی) لەگەڵ گەنجێكی توندڕەودا، تێیدا ئەوە بۆ ئەو و هاوبیرەكانی ڕووندەكاتەوە، كە شەڕاكەتی شەیتان لە توندڕەویی ئایینیدا بەرجەستەیە، كە پێویستە هەموومان بە وردبینانەوە هەڵوەستە لەسەر دەرەنجامە گرینگەكەی بكەین، بەو هیوایەی ببێتە بەرچاوڕوونییەكی بەهێز بۆ هەموو ئەوانەی لە تەڵەی توندڕەوی ئایینیدا ئاڵاون.

(شێخ موحەممەد متەوەللی ئەلشەعراوی) دەگێڕێتەوە: گفتوگۆم لەگەڵ گەنجێكی توندڕەو دەكرد، لە ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەكانیشماندا، ئەو دەرەنجامەی لێكەوتەوە:

شێخی شەعڕاوی بۆ گەنجەكە: ئایا تەقاندنەوەی یانەیەكی شەوانە لە یەكێك لە وڵاتە ئیسلامییەكان، حەڕامە یان حەڵاڵە؟!.
گەنجە توندڕەوەكە: بێگومان حەڵاڵە، كوشتنی ئەوانەشی لەوێن دروستە!!.
شێخی شەعراوی: لەو كاتەی تۆ دەیانكوژی، ئەوان سەرقاڵی كاری بێشەرعی و شكاندنی فەرمانی خودان، باشە چارەنووسیان چ دەبێ؟!.
گەنجە توندڕەوەكە: بێگومان چارەنووسیان ئاگری دۆزەخ دەبێ!.
شێخی شەعراوی: شەیتان دەیەوێ ئەوان بەرەو كوێ ببات؟!.
گەنجە توندڕەوەكە: بێگومان بۆ ناو ئاگری دۆزەخ!.
شێخی شەعراوی: كە وابێ، ئێوە و شەیتان لە هەمان ئامانجدا هاوبەشن، كە ئاراستەكردنی خەڵكە بۆ ناو ئاگری دۆزەخ؟!!.
لێرەدا گەنجە توندڕەوەكە بێدەنگ و دەستبەتاڵ دەمێنێتەوە و، لەوە زیاتر بەرگەی بەڵگە بەهێزەكانی شێخی شەعڕاوی ناگرێ و داندەنێ بە ئیفلاسبوونی خۆی و ئەوانەشی ختۆكەیان داوە بۆ بیركردنەوە لە توندڕۆیی ئایینی!.

ئەوان لە دۆڵێك و پێغەمبەری خۆشەویستیش (دخ) لە دۆڵێكی دیكە!!

بەڵام شێخی شەعراوی بەرچاوڕوونی زیاتری پێدەدا و دەفەرمووێ: ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەرم (دخ) بۆ گەنجە توندڕەوەكە گێڕایەوە، كاتێك تەرمی پیاوێكی جوولەكەیان بە بەردەمی حەزرەتدا (دخ) بۆ گۆڕستان دەبرد، پێغەمبەر (دخ) دەستیكردە گریان!!، هاوڕێیانی فەرموویان: چی دەتگریێنێ ئەی پێغەمبەری خودا؟!!، خۆشەویست (دخ) فەرمووی: كەسێكم لەدەستچوو و چووە ناو ئاگرەوە، كە نەمتوانی بیگەڕێنمەوە سەر ڕێی ڕاست بۆ ئەوەی لە بری دۆزەخ بچێتە بەهەشت!!.

شێخی شەعراوی دەفەرمووێت: بە گەنجە توندڕەوەكەم وت: سەرنج بدە لە جیاوازی نێوان خۆتان و پێغەمبەر (دخ)، ئەو خۆنەویستانە تەقەللای دەدا بۆ هیدایەتدانی خەڵك و ڕزگاركردنیان لە ئاگری دۆزەخ، ئێوەش سڵ ناكەنەوە لە هەوڵدان بۆ گومڕاكردنی خەڵك و ئاراستەكردنیان بۆ ئاگری دۆزەخ!!، بەڕاستی ئێوە لە دۆڵێك و پێغەمبەری خۆشەویستیش (دخ) لە دۆڵێكی دیكەیە!!!.

هەزار ڕەحمەتت لێبێت و گۆڕت پڕ نوور بێت مامۆستای پایەبەرز شێخی شەعراوی، كە لێهاتوویی و شارەزاییەكەت و بابەتە بەهێزەكانت، بۆ ئاشناكردنی موسڵمانان بوو بە شاڕێی ئەو ئایینە پاكە، ئێمەمانانیشت لە ڕاستێتی گومڕابوونی ئەوانە بێدار كردەوە، كە لە پەنای ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، بانگەشە بۆ گومڕاییەكی گەورەتر دەكەن، كە شەڕاكەتی شەیتانە!.

ئەو بابەتە لە نووسینی بەڕێوبەری ماڵپەڕی (قەڵەم پرێس)ـە، کە لە ژمارە 99ـی گۆڤاری پەیامی زانایان بڵاوکراوەتەوە.

إرسال تعليق