Ads (728x90)

گرەنتی شەش شتم بدەنێ، گرەنتی بەهەشتتان دەدەمێ
پێشەوا ئەحمەد لە موسندەکەی و، ئیبن حيبان لە سەحیحەکەی و، ئەلحاکم لە موستەدرەکەکەی و، هەندێکی دیکەش لە “عوبادەی کوڕی ئەلسامیت” دەگێڕنەوە، کە پێغەمبەری خۆشەویستمان موحەممەد (دخ) فەرموویەتی:

((اضْمَنُوا لِي سِتًّا مِنْ أَنْفُسِكُمْ, أَضْمَنْ لَكُمْ الْجَنَّةَ؛ اصْدُقُوا إِذَا حَدَّثْتُمْ, وَأَوْفُوا إِذَا وَعَدْتُمْ, وَأَدُّوا إِذَا اؤْتُمِنْتُمْ, وَاحْفَظُوا فُرُوجَكُمْ, وَغُضُّوا أَبْصَارَكُمْ, وَكُفُّوا أَيْدِيَكُمْ))

واتای ئەو فەرموودەیە: ئێوە لای خۆتانەوە زەمانەت “گرەنتی”ـی شەش شتم بدەنێ، منیش زەمانەت “گرەنتی”ـی چوونە بەهەشتتان دەدەمێ:

|| ئەگەر قسەتان کرد ڕاستگۆ بن، خۆتان بە دوور بگرن لە درۆ کردن.

|| ئەگەر بەڵێنتاندا پێیەوە پابەند بن، خۆتان بپارێزن لە شکاندنی بەڵێن و پەیمان.

|| ئەگەر ئەمانەتێکتان پێسپێردرا، بیدەنەوە خاوەنەکەی، هەمیشە دەستپاك بن و، خۆتان دوور بخەنەوە لە ناپاکیکردن لەگەڵ ئەمانەت.

|| داوێنتان بپارێزن و پاكى ڕابگرن، با هەمیشە داوێنپاك بن و، خۆتان لە سیفەتی قێزەونی داوێنپیسی بپارێزن.

|| چاوتان بپارێزن لە شتە قەدەغەکراوەکانی خوای گەورە، نەکەن بڕواننە ئەو شتانەی خوای گەورە حەڕامی کردووە بۆی بڕوانن.

|| دەستتان بپارێزن لە ئازاردان و دەستدرێژیکردنە سەر خەڵك، هەمیشە دەستەکانتان بکەنە ئامرازێك بۆ دەستخستنی چاکە و چنینەوەی کاری باش.

ئەو شەش خاڵەی پێغەمبەری خۆشەویستمان موحەممەد (دخ) نیشانیکردوون، دەرگا و دەروازەی چوونە بەهەشتن، ڕێگەی زۆر ئاسانن، بۆیە هەوڵبدە ئەو دەرفەتانە نەدۆڕێنی، پێش مردن با ڕێگەی چوونە بەهەشت بە دەستی خۆمت خۆش بکەی.

إرسال تعليق