Ads (728x90)

حوکمی شەرعی دەستهێنان بەسەر ڕووخسار لە دوای دوعاکردندا
لیژنەی ئەمینداریەتی فەتوا لە خانەی فەتوای میسری، وەڵامی پرسیارێکی داوەتەوە سەبارەت بە حوکمی شەرعی دەستهێنان بەسەر ڕووخسار لە دوای دوعاکردندا.

لیژنەکە دەڵێت: زانایان و پێشەوایانی ئیسلام دەقیان بەسەر ئەوەدا هێناوەتەوە، کە دەستهێنان بە هەردوو دەست بەسەر ڕووخسار لە دوای تەواوبوون لە دوعاکردندا، کارێکی چاكە، ئەوەش لەبەر ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر (دخ) کە دەفەرمووێت:

((إِذَا دَعَوتَ اللهَ فَادْعُ بِبَاطِنِ كَفَّيْكَ وَلَا تَدْعُ بِظُهُورِهِمَا فَإِذَا فَرَغْتَ فَامْسَحْ بِهِمَا وَجْهَكَ))

واتا ئەگەر لە خوا پاڕایتەوە، بە کردنەوە و بەرزکردنەوەی ناو لەپی هەردوو دەستەکانت دوعا بکە، بە پشتە دەست دوعا مەکە، ئەگەر لە دوعاکردن تەواو بووی، دەستەکانت بەسەر ڕووخسارتدا بهێنە.

بەڵگەش لەسەر ئەوە، لە پێغەمبەرەوە (دخ) هاتووە، کە خۆشەویست (دخ) لە پاش تەواوکردنی دوعاکردن، دەستەکانی بەسەر ڕووخساریدا دەهێنا، هەروەها دەگێڕنەوە کە خۆشەویست (دخ) ئەگەر دەستەکانی بەرز بکردبوایەوە بۆ ئاسمان بە مەبەستی دوعاکردن، دەستەکانی دانەدەنا تا بەسەر ڕووخساریدا نەهێنابایە.

هەروەها لیژنەی ئەمینداریەتی فەتوا لە خانەی فەتوای میسری دەڵێت: لە کتێبی (سنن أبی داود) و (مسند الإمام احمد) هاتووە، کە پێغەمبەر (دخ) ئەگەر دوعای بکردبایە، دەستەکانی بەرز دەکردەوە و پاشان بەسەر ڕووخساریدا دەهێنان.

بۆیە بە پشتبەستن بەوەی باسمانکرد، هێنانی هەردوو دەست بەسەر دەم و چاودا لە پاش دوعاکردندا، کارێکی دروستە و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، بەڵکو ئەوە بەشێکە لە ئاداب و شتە چاکەکانی دوعاکردن، کە زانایان لە کتێبەکانیان باسیان کردووە، لەوانە: (النووی، البهوتی، إبن الحجر، الصنعانی، السیوطی، الشرنبلالی، النفراوی)، چەندین ئیمام و زانای ئایینی دیکەش.

إرسال تعليق