Ads (728x90)

ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی مەولود پێغەمبەر، کارێکی شەرعییە
وەکو وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو کەسانەی ناویان لە خۆیان ناوە سەلەفی و، بۆ ئەوانەشی وەکو ئەوان بیر دەکەنەوە، هەروەها بۆ ئەو تەیار و لایەن و گروپە ئیسلامییانەش، کە ئاهەنگگێڕانیان بەبۆنەی یادەوەری مەولودی پێغەمبەر (دخ) بە کارێکی حەڕام داناوە، بە پێویستییەکی زۆر گرنگمان زانی، کە لە ماڵپەڕی ((قەڵەم پرێس)) ئەو ڕوونکردنەوە شەرعییە پێشکەش بە موسڵمانانی کوردستانی خۆشەویست بکەین.

ئەو کەسانەی ناویان لە خۆیان ناوە سەلەفی، ئەوانەشی وەکو ئەوان بیر دەکەنەوە، شوێنکەوتووی تەیار و لایەنە ئیسلامییەکانیش، کە ئەو فەتوایە دەدەن و بێئەدەبی دەنوێنن لەو یادەوەرییە پیرۆزەدا، نەزانترین کەسن بە بنچینەکانی شەریعەتی ئیسلام، بۆیە باشتر وایە دەمیان دابخەن و قسە نەکەن.

دەبێت هەموو موسڵمانان ئەو ڕاستییە بەڵگەنەویستە بزانن، کە “جیاوازی هەیە لە نێوان دەستەواژەکانی جەژن و بۆنە و وەرز، بەوەی جەژن دەبێتە دوو بەش، جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان، ئەوەش بە گوێرەی چەمکە ڕاستەقینەکە، بەڵام وەرز بە چەند شتێك جیا دەبێتەوە (وەکو عاشوڕا و دەیەی حاجیان و شەشەڵان و تاد..)، بەڵام بۆنەکان یان ئایینین (وەکو هیجرەت و مەولودی پێغەمبەر ـ دخ ـ و ئیسڕا و میعڕاج و گۆڕینی ڕووگە)، یان نیشتیمانین (وەکو شۆڕش و ڕاپەڕین و سەربەخۆیی)، یان کۆمەڵایەتین (وەکو جەژنی دایك و جەژنی کرێکاران و تاد..)”.

ئەوەی پەیوەندی بە مەولودی پێغەمبەرەوە هەیە (دخ) لە ڕووی زانستییەوە، ئەوەیان بنچینەیەکی بەهێزی لە شەریعەتی ئیسلامدا هەیە، چونکە کاتێك پرسیار لە پێغەمبەر کرا (دخ)، کە بۆچی لە ڕۆژی دووشەممەدا بەڕۆژوو دەبێت..؟، لە وەڵامدا فەرمووی: “ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا لەدایکبووم”، بەشێکیش لە زانایان سەبارەت بە ئاهەنگگێڕانیان بەبۆنەی یادەوەری مەولودی پێغەمبەر (دخ) دەڵێن: ئەو ئاهەنگگێڕانانە کۆك و گونجاون لەگەڵ بنچیە و مەبەستە گشتییەکانی شەریعەتی ئیسلام، سوودی هەمەلایەنەی زۆریشیان تێدایە کە کەس ناتوانێت نکۆڵیان لێبکات، بنچینەیەکی فیقهیش هەیە دەڵێت: “لە هەر شوێنێك بەرژەوەندی گشتی هەبوو، شەرعی خواش لەوێیە”.

بۆ زانینیش، پێشان وەهابییەکان ئاهەنگیان دەگێڕا بەبۆنەی جەژنەکانی وەکو جەنادەرییە و دانیشتنی پادشا و فەرمانڕەواکان لەسەر تەختی حوکمڕانی، سەلەفییەکانیش لە زۆر لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی چوونەتە کونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆییان (بۆ نموونە سەلەفییەکانی میسر چوونەتە کونسوڵخانەی ئەمریکا بەو بۆنەیەوە)، تەنانەت بۆ ڕێزگرتن لە ئاڵا و سڵاوی نیشتیمانیشیان وەستاون..!، بەڵام لەولاوە دێن ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی یادەوەری مەولودی پێغەمبەر (دخ) حەڕام دەکەن..!، لە ڕاستییدا ئەوانە لە دین دەرچووەکانی سەردەمن، چونکە گوفتارچاك و بەدکارن!.

إرسال تعليق