Ads (728x90)

لە  کاڵچیۆ، کەس شان لە شانی یۆڤی نادات
یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی جارێکی دیکە شایستەیی خۆی بە پێشەنگبوونی لە خولی ئیتاڵی “کاڵچیۆ” بە بەراورد بە تەواوی یانەکانی دیکە دووپاتکردەوە، پاش ئەوەی کەمێك بەر لە ئێستا، لە یاری لووتکەی ئەو هەفتەیەی “کاڵچیۆ”ـدا، لەسەر یاریگای خۆی “یۆڤانتۆس ئەرینا”، سەرکەوتنێکی گرنگی تۆمار کرد و پێشەنگی ڕیزبەندی خولەکەی گرت.

لەو یارییەدا، کە خانمە پیرەکە مێوانداری یانەی ڕۆمای پایتەختی کرد، هەر لە سەرەتاوە بە گرژی و توندوتیژی دەستیپێکرد، لە کاتێکدا هەردوو یانە لەسەر گرتنی لووتکەی خشتەی خولی ئیتاڵی دەجەنگان، چونکە هەردوو یانە خاوەن 15 خاڵ بوون، لەولاشەوە مێژووێکی پڕ ڕکابەریەتیان هەیە، بۆیە ئەمانە هۆکاری ئەوە بوون یارییەکە لە ئاستێکی ئێکجار هەستیاریدا بێت.

بەڵام یانەی یۆڤانتۆس سەلماندی کە تاکە یانەیە بتوانێت بە شایستەیی نوێنەرایەتی وڵاتەکەی بکات، پاش یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بردنەوە و بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەکە، دوای ئەوەی بە سەرکەوتن بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ، گورگەکانی ڕەوانەی پایتەخت کردەوە، گرنگتر لەوانەش، بۆ یەکەم جار لەو وەرزەدا خانمە پیرەکە خۆی بە تەنیا چووە سەرووی ڕیزبەندیی خولی ئیتاڵی “کاڵچیۆ”.

گۆڵەکانی خانمە پیرەکە لە خولەکەکانی 27 و 45 و87 لەلایەن “کارلۆس تێفێز” دوو گۆڵ و “لیوناردۆ بۆنۆتشی”ـەوە تۆمارکران، گۆڵەکانی گورگەکانیش لە خولەکەکانی 32 و 44 لەلایەن “فرانشیسکۆ تۆتی” و “خوان ئیتۆبۆری”ـەوە تۆمارکران.

إرسال تعليق