Ads (728x90)

سواڵکەرە هەژارەکە و دەوڵەمەندە چاوچنۆکەکە!
نوکتە و سەربوردەی زۆر خۆش لەسەر ڕەزیلەکان هەن، کە لە گفتوگۆ و ڕووپەری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و قسە و باسی مەجلیسەکاندا بڵاودەکرێنەوە، کە وێڕای ئەوەی بۆ خۆشی و پێکەنین دەگێڕدرێنەوە، بەڵام مەبەستی سەرەکی لێیان ڕیسواکردنی ئەو سیفەتە قێزەونەیە و سەرزەنشتکردنی دیاردەی چاوچنۆکی دەوڵەمەندەکانە.

لە ماڵپەڕی (قەڵەم پرێس)ـەوە بۆ زاخاوی مێشکتان و بۆ خۆشی ئێوە ئەو نوکتەیە دەگێڕینەوە، بە هیوای کاتێکی خۆش بۆ ئێوە.

سواڵکەرێك لەبەر دەرگای دەوڵەمەندێك وەستا و داوای شتێکی کرد بیدەنێ لە پێناوی خوای گەورە، خاوەن ماڵەکە (دەوڵەمەندەکە) گوێی لە قسەی سواڵکەرەکە بوو و بانگی خزمەتکارەکەی کرد و پێیوت:

کوڕە هۆ موبارەك، بڕۆ بە عەنبەر بڵێ با بە جەوهەر بڵێ، جەوهەریش بە یاقوت بڵێ، یاقوتیش بە ئەڵماس بڵێ، ئەڵماسیش بە فەیرۆز بڵێ، فەیرۆزیش بە مەرجان بڵێ، مەرجانیش بەو سواڵکەرە بڵێ: خوا دەرگای خێر و ڕۆزیت بۆ بکاتەوە!.

سواڵکەرەکەش گوێی لەو قسانەی دەوڵەمەندە چاوچنۆکەکە بوو و لە ناخەوە ناڕەحەت بوو، بۆیە دەستی بەرەو ئاسمان بەرز کردەوە و لە خوای گەورە پاڕایەوە و وتی:

ئەی پەروەردگاری گەورە، بە جوبڕائیل بڵی با بە میکائیل بڵێ، میکائیلیش بە دردائیل بڵێ، دردائیلیش بە کیکائیل بڵێ، کیکائیلیش بە ئیسرافیل بڵێ، ئیسرافیلیش بە عیزرائیل بڵێ، با بچێ سەردانەکی ئەو ڕەزیلە چاوچنۆکەی بکات!.

خاوەن ماڵەکە (دەوڵەمەندەکە) گوێبیستی ئەو قسانەی سواڵکەرەکە بوو و زۆر شەرمی لە خۆی کردەوە!، تەنانەت لەوەش ترسا خوای گەورە دوعای سواڵکەرەکە گیرا بکات و عیزرائیل بێت و ڕۆحی بکێشێت!، سواڵکەرەکەش بە ئاسوودەییەوە ملی ڕێگای خۆی گرت و خەمی دڵی خۆی لە بەردەم دەرگای ئەو دەوڵەمەندە چاوچنۆکە ڕشت و ڕۆیشت.

إرسال تعليق