Ads (728x90)

گۆگڵ ڕکابەری فلیکەر دەکات لە وێنەدا
کۆمپانیای زەبەلاحی جیهانی “گۆگڵ”، بە نیازە خزمەتگوزاری وێنەکان جیا بکاتەوە، کە بەستراونەتەوە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی “Google+ Photos” و، بە شێوەیەکی نوێ پێشکەشی بکات، کە داوا لە بەکارهێنەرانی ناکات ئەکاونتیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “گۆگڵ پلەس” هەبێت، ئەوەش بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلیکتڕۆنی “بلۆمبێرگ”.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی “بلۆمبێرگ”، کۆمپانیای “گۆگڵ” دەیەوێت خزمەتگوزارییەکی نوێ بۆ وێنەکان بخاتە بەردەست، کە هاوشێوەی خزمەتگوزاری بەناوبانگی “فلیکەر” بێت، کە ئەوەی دوایی سەر بە پێگەی ئەلیکتڕۆنی “یاهو”ـە، بەوەش ناوی خزمەتگوزاری وێنەکانی گۆگڵ دەگۆڕێت و ناوێکی نوێی بۆ دادەنرێت، ئەوەش بە مەبەستی ڕاکێشانی بەکارهێنەری زۆرترە، بە تایبەت ئەوانەی ئارەزووی کردنەوەی ئەکاونتێك نین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی.

خزمەتگوزاری ئێستای “گۆگڵ پلەس” چەندین تایبەتمەندی جیاکەرەوە لەخۆدەگرێت، کە لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی ڕکابەریدا نین، وەکو تایبەتمەندییەکانی دەستکاریکردن و نووسین لەسەر وێنە، دروستکردنی ئەلبومە وێنەییەکان بە شێوەیەکی خۆکرد، یەکخستنی چەندین وێنە لە یەك وێنەی جوڵاودا، تاد.

شایەنی باسە کۆمپانیای “گۆگڵ” 15 گێگابایت لە ڕووبەری پاشەکەوتکردنی هاوبەش لە نێوان خزمەتگوزاری وێنەکان و گۆگڵ درایڤ و ئیمەیڵی گۆگڵ و بلۆگەر بۆ بەکارهێنەرانی دابین دەکات، ئەو ڕووبەری پاشەکەوتکردنەش بە کەم دادەنرێت بە بەراورد بە ڕووبەری پاشەکەوتکردنی بە خۆڕایی کە خزمەتگوزاری “فلیکەر” بۆ بەکارهێنەرانی دابین دەکات، کە دەگاتە یەك تیرابایت.

إرسال تعليق